شێرپەنجە لە کەرکووک لە هەڵکشاندایە

"چاومان لە رەحمی خودا و هیمەتی خێرخوازانە بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان"

K24 – هه‌ولێر:

تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو ، 1800 حاڵەتی تووشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە لە کەرکووک تۆمارکراوە، رێژەکەش وەک بەرپرسی سەنتەری شێرپەنجە لەو شارە دەیڵێت، لە هەڵکشاندایە.

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەو نەخۆشییە بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکە دەگەڕێتەوە، تووشبووانیش، بە دەست کەمی دەرمان و خزمەتگووزارییە تەندرووستییەکانەوە دەناڵێنن.

 وەک هەڵوێستێکیش بۆ فەرامۆشکردنیان، ئەمساڵ تووشبوانی شێرپەنجە لە کەرکووک، بایکۆتی بۆنەکانی تایبەت بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیان کرد.

نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشی شێرپەنجە لە کەرکووک رایگەیاند: "لە دەرەوەی سەنتەرەکە چالاکوان و خێرخوازان ، بە کەمپین و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دەیانەوێت ، کەمێک لە ئازاری نەخۆشەکان کەمبکەنەوە".

یەکێکیش لە تووشبوانی شێرپەنجە لە کەرکووک بە کوردستان24 دەڵێت: "چاومان لە رەحمی خودا و هیمەتی خێرخوازانە بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان، ئازارێک یەخەی گرتوون مەگەر تەنیا خۆمان بتوانین گوزارشتی لێبکەن".

پزیشکان دەڵێن، ئەگەر لە سەرەتاوە بە نەخۆشییەکە بزانرێت، ئەوا چارەسەر زۆر ئاسانە، بەڵام کاتێک تەشەنە دەکات، پرۆسەی چارەسەرکردنەکە سەخت دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە، پشکنینی گشتی لە لایەن هاووڵاتیانەوە ئەنجام بدرێت.

H.J