پارتی راگەیندراوێکی لەسەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ یەکێتی بڵاوکردەوە

لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن

K24 – هه‌ولێر:

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە راگەیندراوێک روونکردەوە.

بەگوێرەی راگەیندراوەکە: "بە پێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە 18ی2ی2019 بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت".

هەر لە راگەیندراوەکە هاتووە: "ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی 18ی2ی2019 لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە".

دەقی بڵاوکراوەکەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لە درێژەی کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا، ئەمڕۆ سێ شەممە، رێکەوتی 5ی2ی2019 لە ھەولێری پایتەخت، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەنجامدرا.

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتێکی پێویست و پەیوەستی قۆناغەکە و، ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتینە رێککەوتن. لەوانە:

یەکەم/ کۆبوونەوە لیژنەی ھاوبەشی نوسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، کە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت. 

دووەم/ دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی9ی2018 و پەسەندکردنی ئاکامەکانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە 18ی2ی2019 بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوکاری و زەمینەسازیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و ھەنگاوەکانی دواتری پەرلەمان بکرێت.

سێیەم/ پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، بڕیار درا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن. ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی 18ی2ی2019 لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە.