تۆمی پیگۆت: سزای هەر لایەنێک دەدەین هاوکاری کەرتی ئۆتۆمبێل و ئاسنی ئێران بکات

لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نوێی گوشاری ئابووریدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەرفراوانی بەسەر کەرتەکانی هێڵی ئاسن، دروستکردنی ئۆتۆمبێل و پیشەسازیی کانزاکان لە ئێران راگەیاند. سزاکان چەندین تۆڕی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەوروپا دەگرێتەوە کە هاوکاریی تاران بوون بۆ دەربازبوون لە سزاکان و بەدەستهێنانی داهات.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە واشنتن لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چڕتر دەکاتەوە. لەم هەنگاوە نوێیەدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کەرتەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و هێڵی ئاسنینی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، ئەمەش رێگە بە واشنتن دەدات رێکاری توند بەرامبەر هەر قەوارە، کۆمپانیا یان کەسێک بگرێتە بەر کە لەو بوارانەدا کار بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە روونی کردەوە، سزاکان ئەو تۆڕانەی کردووەتە ئامانج کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپاوە کار دەکەن و یارمەتیی پیشەسازییەکانی شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و کانزاکانی ئێران دەدەن بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستەوەستان ناوەستێت لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران بنکەی پیشەسازیی وڵاتەکەیان، لەوانەش کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسنینی سەر بە دەوڵەت و کارگەکانی ئۆتۆمبێل و بەرهەمهێنانی پۆڵا، بۆ دابینکردنی دارایی ئەو رژێمە بەکاردەهێنن کە ناسەقامگیری و تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا بڵاودەکاتەوە.

دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە رێگەی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەتوسامانی بیانی (OFAC) و بەپێی فەرمانە سەرۆکایەتییەکان، دەسەڵاتی فراوانی پێدراوە بۆ سزادانی هەر لایەنێک کە بەشدار بێت لە چالاکییەکانی کەرتی ئۆتۆمبێل، هێڵی ئاسن، پۆڵا و کانزاکانی ئێراندا. هاوکات واشنتن هۆشداری داوەتە سەرجەم حکوومەت و کۆمپانیا بیانییەکان کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەرتانە مەترسیی یاسایی و سزای قورسی دارایی بەدوادا دێت.