وڵاتانی گرووپی حەوت 100 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوت و دیزڵ دەخاتە بازاڕەوە
وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا رێککەوتن لەسەر خستنەڕووی تا 100 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی خاو و گازۆیل (دیزڵ) لە ماوەی چوار مانگدا، کە بەشێکی سەرەکیی لە ماوەی 20 رۆژی یەکەمدا دێتە بازاڕەکانەوە.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای دانوستاندنی چڕی نێوان سەرکردەکانی وڵاتانی پیشەسازیی جیهان، وڵاتانی گرووپی حەوت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) بڕیاریان دا بەکارهێنانی بەشێک لە یەدەگی ستراتیجیی سووتەمەنی دەستپێبکەن. ئەم بڕیارە دوای گوشارێکی زۆری واشنتن هات لەسەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا، بە مەبەستی رێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری نرخەکان بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
لە پەیامێکدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند: ئەوروپا رەزامەندی دەربڕی لەسەر خستنەڕووی بڕێکی یەکجار زۆر لە یەدەگی گازۆیل، و پرۆسەکە دەستبەجێ دەستپێدەکات.
هاوکات ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە، هاووڵاتیان شایستەی دەستڕاگەیشتنن بە وزەی هەرزان و گوتی: پێشوازی لە بڕیاری وڵاتانی گرووپی حەوت دەکەین کە هیچ قەدەخەکارییەک لەسەر هەناردەکردنی وزە بۆ سەر هاوپەیمانەکانیان دانانێن و هاوپشتیی نێوانمان بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی دەکرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە وڵاتانی G7 کۆکن لەسەر مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و لۆجستی.
ماکرۆن گوتی: ئەمڕۆ هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز و بۆریی یەنبەع بەرەو دەریای سوور، گەیشتووەتەوە زیاتر لە سێ لەسەر چواری 75% ئاستی پێش جەنگ. هاوکات رێککەوتووین لەسەر قەدەخەنەکردنی هەناردەکردن لەنێوان ئەندامانی G7 تاوەکو پەیامێکی روون و ئەرێنی بنێرینە بازاڕ و رێگری لە گرانبوونی زیاتری سووتەمەنی بگرین.
بەپێی رێککەوتنەکە، لە کۆی ئەو 100 ملیۆن بەرمیلە، بەشە گەورەکەی کە سووتەمەنیی دیزڵ لەخۆدەگرێت لەماوەی 20 رۆژی داهاتوودا دەخرێتە بازاڕەوە بۆ دابەزاندنی گوشار لەسەر کەرتی گواستنەوە و پیشەسازی لە وڵاتانی رۆژئاوا.