هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند؛ لە گەرووی ستراتیجیی هورمز هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر و ئاگر لەنێو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ژینگەیی لێنەکەوتووەتەوە.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی هۆشدارییەکی بەپەلەی دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا، لە کاتی دەرچوون و تێپەڕینیان بە گەرووی هورمزدا، کەشتییەکە کە گومان دەکرێت بە درۆن یان مووشەک بووبێت پێکراوە.

بەهۆی هێرشەکەوە، ئاگرێکی سنووردار لەنێو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی تەزووی کارەبا لەسەر کەشتییەکە بڕاوە، بەڵام دەستەی کەشتیوانان توانیویانە بە خێرایی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و بیکوژێننەوە، دواتریش کەشتییەکە بەبێ کێشە بەردەوامیی بە گەشتەکەی داوە.

دەستەی UKMTO ئاماژەی بەوە کردووە، لەم رووداوەدا هیچ زیانێکی گیانی لەنێو دەستەی کەشتیواناندا تۆمار نەکراوە و هیچ دزەکردنێکی نەوت یان زیانی ژینگەیی لە ناوچەکەدا رووی نەداوە.

هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی هێرشەکە کردووە، و دەستەی ناوبراو هۆشداریی داوەتە سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، لەوپەڕی وریایی بگرنە بەر و هەر جموجۆڵێکی گوماناوی دەستبەجێ بە ناوەندە دەریاییەکان رابگەیەنن.