سه‌رۆك بارزانى و باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا پرسى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆريان تاوتوێكرد

سەرۆك بارزانی و شاندێكی حكوومەتی ئەڵمانیا بارودۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتەكەی رایدەگەیەنێت، سەرۆك بارزانی بۆ هەموو گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی ئومێدێكی زۆرە.

وێبسایتی فەرمی سەرۆك بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 5/2/2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئاڵمانیا كرد كە پێكهاتبوو لە سریل ناون باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق و باربارا وۆلف كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق هێمای بە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و عێراق و كوردستان دا و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەڵمانیا لەبواری یارمەتیی مرۆیی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە عێراقدا كار دەكات، هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتەكەی ئەوەی خستەڕوو كە سەرۆك بارزانی بۆ هەموو گەلی كورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی ئومێدێكی زۆرە.

 هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و هەروەها رۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشهاتەكان و مەترسییەكانی تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە.

 لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و ئاییندەی كورد لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی ئەڵمانی راگەیاند.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو كەشە ئیجابییەی كە لە نێوان هەردوولا هاتووەتە ئاراوە جەختی لە رێكاری سیاسی و ئاشتیانە و دیالۆگ كردەوە لە چارەسەركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا.