وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ستخۆشی له‌ هه‌نگاوه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن

ئاماده‌یی وڵاته‌كانیان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن نیشاندا

K24- هه‌ولێر:

باڵیۆزانی هه‌ریه‌ك له‌ فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و یەکێتی ئەورووپا له‌ عێراق، لە رێگەی کوردستان ٢٤ـەوە دەستخۆشیان لە ھەنگاوەکانی ھەولێر و بەغدا کرد، بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.

ھاوکات ئامادەییشیان دەربڕی بۆ ھاوکاریكردنیان لە پێناو سەرخستنی ھەوڵەکانی ھەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن.

هه‌ریه‌ك له‌و باڵیۆزانه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ گه‌شبینی وڵاته‌كانیان به‌ هه‌نگاوه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان نیشاندا:

برۆنۆ ئۆبیر، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق:

"پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا زۆر باشن، ئەوان لە دانوستاندان، بەڵام ئەوەی ئێمە ھەستی پێدەکەین لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی عێراق, جۆرێکی نوێی پەیوەندییە، ئەمە گرینگە, چونکە ھێشتا مەترسی داعش ماوە، بڕوانن راستە داعش لە عێراق بەزێندراوە, بەڵام لە سووریای دراوسێ ھێشتا شەڕی دژ بە داعش درێژەی ھەیە".

رامۆن بلاکوا, باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق:

"یەکێتی ئەورووپا خۆشحاڵە بەوەی ھەوڵێر و بەغدا راستەوخۆ کێشەکانیان چارەسەر دەکەن، ئێمە لە دوا دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ئامادەییمان دەربڕیوە, تا راوێژی گونجاو بە ھەردوو لا بدەین, بە تایبەتی لە بوارەکانی وەک چاکسازییەکان و کرانەوەی ئابووری و ئیدارەدانی بودجە".

برونۆ پاسکینۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق:

"ھەمیشە نزیکبووین لە کورد و حکوومەتی کوردستان, لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی نوێی کوردستاندا زیاتر و زیاتر نزیکدەبینەوە و دۆستایەتیمان بەھێز دەبێت".

ھانسی ئێسکۆبار, باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق:

"دڵخۆشین بەوەی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو چارەسەر دەڕۆن. ئەمە ھەنگاوێکی باشە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکار دەبێت, چونکە لە دەرنجامدا گەشانەوەی ئابووری لێدەکەوێتەوە و کوردستان ده‌بێتە سەنتەری بازرگانی ھەموو عێراق".

H.B