پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق هه‌ماهه‌نگی بۆ پاراستنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ن

سوپاسالاری عێراق: زۆرمان بڕوه‌ و كه‌ممان ماوه‌

K24- هه‌ولێر:

سوپاسالاری عێراق بە کوردستان ٢٤ی راگه‌یاند، ھەولێر و بەغدا لە رووی سەربازییەوە ھەماھەنگی تەواویان ھەیە و لە ماوەی داھاتووشدا ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێکدەھێنن، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش وردەکاری ھەنگاوەکانی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ کوردستان ٢٤ ئاشکرا دەکات.

لە کۆبوونەوەیەی نێوان شاندەکانی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراقدا کە لە ھەولێر ئەنجامدرا, دەروازەیەکی نوێ بەڕووی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەردوولادا کرایەوە, له‌مباره‌شه‌وه‌ عوسمان غانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ھەردوو لا کەوتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی, بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان پێویستیان بە یەکره‌.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، "ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری عێراق، ھەماھەنگی تەواومان ھەیە و لە ماوەی داھاتوودا ئەو لیژنانە کۆدەبنەوە, بۆ ئەوەی ھەموو خاکی عێراق بپارێزین، رێگای دوورمان بڕیوە و کەممان ماوە، بەمزوانە زیاتر لە ژوورێکی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان پێکدەھێنین".

ئەم گەشبینییە تەنھا له‌لای لایەنی عێراقی بەدی ناکرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ به‌ڕوونی هه‌ستی پێ ده‌كرێت، جه‌بار یاوه‌ر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەش ده‌ڵێت: "ئێستا بەغدا ھەمان بۆچوونی ھەولێری ھەیە، بەجۆرێک توانراوە لەسەر نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەر رێکبکەون".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا جارێکی دیکە ھەردوو شاند کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەن, کە ئەم جارە شوێنی کۆبوونەوەکە له‌ بەغدا دەبێت.

لە سەردەمی عەبادیدا کۆبوونەوە یەک لەدوایەکەکانی ھەولێر و بەغدا گەیشتبوونە خاڵی بنبەست, بەڵام لەگەڵ ھاتنی كابینەکەی عەبدولمەھدی, پێدەچێت بەغدا گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی, کە بۆ لەمەودوا پێویستە بڕیارە سەربازییەکانیش ھەر بە ھاوبەشی و بە شێوەیەک بدرێ, کە لە بەرژەوەندی ھەردوولادا بێت.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ پارێزگاریكردن له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا، فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: ھەماھەنگی سەربازی روون و بەھێز لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، ھەردوولامان دەمانەوێ ھەماھەنگی تەواو لە پاراستنی ئەو ناوچانە بكەین كە تا ئێستا ناكۆكیان لەسەرە.

H.B