ژمارەیەك بكوژ و تۆمەتبارێك لە ھەولێر دەستگیر كران

لە چەند تاوانێكی جۆراوجۆرەوە تێوە گلاون

K24 - ھەولێر

ژمارەیەك بكوژ و تۆمەتبار لە ھەولێر دەستگیر كران و بڕیارە پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناسنامەی بكوژەكان رابگەیەنێت.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەند تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردووە، كە لە چەند تاوانێكی جۆراوجۆرەوە تێوە گلاون و هەندێك لەو تۆمەتبارانە دوای ئاشكرابوونی تۆمەتەكەیان، خۆیان رادەستی پۆلیسی هەولێر كردووە.

روونیكردەوە: "مەفرەزەكانمان لە ماوەی رابردوودا چەندین تۆمەتباریان دەستگیر كردووە، كە چەند تاوانێكیان لە هەولێر و دەوروبەریدا ئەنجامداوە و ئێستاش دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێك لەو تۆمەتبارانە خۆیان رادەستی پۆلیسی هەولێر كردووە".

ئاشكراشی كرد: "پۆلیسی ھەولێر لە چەند رۆژی داهاتوودا، ناسنامەى بكوژان، سەرپێچیكاران و تەقەكەرەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەخاتە بەر دیدی هاووڵاتیان و لە میدیاكاندا بڵاويان دەكاتەوە".