ئاڵدار خەلیل: دانوستانی راستەوخۆمان لەگەڵ دیمەشق نەبووە
"دەخوازین مۆسكۆ رۆڵی گرنگی ھەبێت"
K24 - ھەولێر
ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی جڤاتی دیموكراتیك (تەڤدەم) بە کوردستان24 راگەیاند، تاوەکو ئێستا دانوستانی راستەوخۆیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەست پێنەکردووە.
ئاڵدار خەلیل گوتیشی: "دانوستانەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ رووسیا بەردەوامن و هیوادارین مۆسکۆ رۆڵێکی باش بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دیمەشق ببینێت".
لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا ئاڵدار خەلیل گوتی: "ئەردۆغان دەیەوێت رۆژھەڵاتی چەمی فورات بەناوی ئارامی و ئاسایش داگیر بكات، لە بنەڕەتدا ئامانجی توركیا داگیركردنی باكووری سووریایە، ئەمەش ھەرگیز قبووڵ ناكرێت".
راشیگەیاند: "ئەگەر ھیچ مەترسییەك ھەبێت، ئەوە تەنھا توركیایە، ھێزەكانی ھەسەدە و یەپەگە خۆیان خەڵكی ناوچەكەن و سنوورەكان دەپارێزن".