رووسیا مەرج بۆ "ناوچە ئارامەکەی" تورکیا دادەنێت

رووسیا مەرجی بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا بە تورکیای راگەیاندووە، بەبێ رەزامەندی بەشار ئەسەد، مافی دروستکردنی هیچ ناوچەیەکی ئارامی لە سووریا نییە.

ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا،  دیدارێکی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سۆچی رووسیا رێکخست و تیایدا باسی داهاتووی سووریایان کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە: "ئەنقەرە پێویستی بە گلۆپی سەوزی ئەسەد دەبێت گەر بیەوێت هەر جۆرە ناوچەیەکی ئارام لە سووریا دروست بکات".

ئەمەش لە کاتێکدایە، تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی هێزەکانی یەپەگە و پەیەدە لە سووریا بهێنێت و پێشتریش سەرۆکەکەی رایگەیاندبوو: "تورکیا بۆ لەناوبردنی تیرۆرستان بڕیار لە کەس وەرناگرێت".

رووسیا هۆشداریشی داوەتە تورکیا، دەبێت بە زووترین کات رێککەوتنی ئیدلب جێبەجێبکرێت کە تیایدا تورکیا بەڵێنی دابوو ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان لەو شارە بکاتە دەرەوە.

لە ساڵی 2017ەوە، چوارەم جارە دیداری سووچی لە نێوان رووسیا، تورکیا و ئێران بەڕێوە دەچێت و و تیایدا ئەو سێ وڵاتە هەوڵی دروستکردنی یەک هەڵوێستی دەدەن لەسەر پرسی ئێستای سووریا.