سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر ئاشکرا دەکات

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندن)
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندن)

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان لە خورماتوو کراوە، کارەکەش بە "خیانەت لە دەوڵەت" ناودەبات و داوا دەکات، فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سنوورە دەستبەجێ رەوانەی دادگەی سەربازی بکرێن.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنەی ئاسایش و بەرگری، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زانیاریی نوێی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر خستەڕوو و رەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی دەزگە ئەمنییەکان گرت.

حەلبووسی رایگەیاند، شوێنی جوگرافیی هەڵدانی درۆنەکە دیاریکراوە و لە سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان بووە لە قەزای خورماتوو، جەختیشی کردەوە، جێگەی قبووڵکردن نییە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا نەبێت. 

لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی پەرلەمان پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بێ ئەنجامی رەتکردەوە و داوای کرد لیستی ناوی فەرماندەی لیوا و فیرقەکانی ئەو ناوچەیەی رادەست بکرێت، تا رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر و رووبەڕووی دادگەی سەربازی بکرێنەوە.

بەپێی داتاکانی روانگەی ئیکۆ عێراق، راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، رۆژانە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی لە کەرتی گازی سروشتی و ماڵاندا لێدەکەوێتەوە.

لە شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ. بەپێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای دانەگاز، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنان تاوەکو هەڵسەنگاندنی زیانەکان راگیراوە.

 بەهۆی ئەم رووداوەوە، ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی وەستا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش لە 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پێنج بۆ شەش کاتژمێری پێدانی کارەبای نیشتمانی. 

کێڵگەی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پیترۆلیۆمەوە بەڕێوەدەبرێت، گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی گازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ و بازیان و بڕێکی زۆر لە گازی ماڵانیش دابین دەکات.

 لە ساڵانی رابردوودا ئەم کێڵگە ستراتیژییە چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و مووشەکی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاساوە، بەم هۆیەشەوە سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بووەتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام داوای دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات بۆ پاراستنی.