کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی داوای هاوکاری لە هەواڵگریی بەریتانیا دەکەن
چەند کەسێکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی لە بەریتانیا داوای دەستوەردانی هەواڵگریی وڵاتەکە دەکەن و باڵیۆزی پێشووی بەریتانیاش دەڵێت، شایەتحاڵەکانی کەیسی لاهوور هەڕەشیان لێ کراوە.
رۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، خێزانی لاهوور شێخ جەنگی، کە هاووڵاتییەکی بەریتانییە و رۆڵی لە دەستگیرکردنی "ئوسامە بن لادن" هەبووە، داوای دەستوەردانی هەواڵگریی بەریتانیا دەکەن دوای ئەوەی لە لایەن هێزێکەوە دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی بێبنەمان خراوەتە زیندانەوە.
رۆژنامەکە دەڵێت: لاهوور شێخ جەنگی لە ناوچەی بێکنهامی باشووری لەندەن گەورە بووە، لە ساڵی رابردوودا دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکەی لە
سلێمانی، لە لایەن هێزێکی یەکێتیەوە دەستگیرکرا،
رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە: لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ هەردوو دەزگای هەواڵگریی "سی ئای ئەی" و "ئێم ئای 6" هاوکاریی هەبووە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان.
کەسێکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی کە لە لەندەن نیشتەجێیە، ئاشکرای کرد، خێزانەکەی داوای دەستوەردانیان لە دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا بە تایبەتی ئەوانەی پێشتر هەماهەنگیان لەگەڵدا هەبووە کردووە و هاوکات ئەو سزایەی بەسەر لاهووردا سەپێنراوە رەتدەکەنەوە و بە سیاسی ناوی دەبەن.
سەرچاوەکە دەڵێت: لاهوور و پۆڵاد هاووڵاتیی بەریتانین و هاوکاریی بەریتانیا و ئەمریکایان کردووە بۆ تێکشکاندنی داعش، کەچی ئێستا بە تۆمەتی بێبنەما زیندانی کراوە دوای ئەوەی حزبێکی دامەزراندووە هەوڵیداوە رکابەڕی یەکێتی بکات.
پیتەر وێستمەکۆت، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمریکا، فەرەنسا و تورکیا بە رۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس"ـی راگەیاند: پێش دەرکردنی سزاکە لە مانگی رابردوودا، ئەو دوو برایە زیاتر لە ساڵێک بەبێ دادگاییکردن زیندانی کرابوون، کە زۆربەی ئەو ماوەیە لە ژووری تاکەکەسی و لە بارودۆخێکی خراپدا بوون.
وێستمەکۆت گوتیشی: شایەتحاڵەکان هەڕەشەیان لێکراوە، ئێستاش بڕیارە دادگاییکردنێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتن بەڕێوەبچێت.
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و دوای هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بە پێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامی حاجی غالی و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.
بە پێی ئەو بڕیارانە، لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.
رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.