دۆخی كه‌ركووك ئاڵۆزتر ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبی له‌و شاره فراوانتر ده‌كرێت
دۆسیه‌ی ئه‌منیی كه‌ركووك هه‌نگاوێك به‌ره‌و دواوه
K24- هه‌ولێر:
لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنی کەرکوک دەست بەکاربوو، لیوا سەعەد حەربییە، کە خەڵکی پارێزگای بابلە، 3 جێگری بۆ خۆی دیاری کردوو و ئێستا دۆسیه‌ی ئەمنیی کەرکووک لە دەستی ئەو دایە، بەم هەنگاوه‌ی عێڕاق، هێزە کوردییەکان وای دەبینن، کە دۆخی ئەمنیی شارەکە هەنگاوێک به‌ره‌و دواوە گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئومێدەکان بۆ چارەسەر کەمتر بوونەته‌وه، چونکە ئێستا پارێزگاکە بووە بە سەربازگەیەکی گەورە.
رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ژووری ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركووك، واتا ئه‌و ژووره له كه‌ركووك دروست ده‌بێت و ناوه‌كه‌شی كه‌ركووكه، ئه‌و شاره‌ش كه 4 پێكهاته‌ی تێدایه، بۆیه دوورخستنه‌وه‌ی كورد له‌و ژووره لای ئێمه ره‌تكراوه‌یه و قابیلی قبووڵ نییه".
رێبوار ته‌ها گوتیشی: "به گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی ئه‌مڕۆ له كه‌ركووك بڵاوكراوه‌ته‌وه، پێویسته جێگه‌ی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ژووره بكرێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه نابێته ژووری ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركووك، به‌ڵكو خۆسه‌پاندنه به‌سه‌ر كه‌ركووكدا".
له به‌رامبه‌ریشدا حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان قسەیەکی دیکە دەکەن و ئاماژەکان وا دەخوێننەوە، کە پێشبینی ناكرێت دۆخی کەرکووک لەم میلیتاریستییه‌ی ئێستا ڕزگاری بێت.
ره‌سوول ره‌ئوف، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ئێستا له كه‌ركووك ده‌بینین، به‌شێكی ئه‌و پلانه‌یه، كه حكوومه‌تی عێراق دایڕشتووه، بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه و ناردنی هێزێكی سه‌ربازی به ناوێكی دیكه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌نته‌ری پارێزگا، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی ئێستا ده‌یبینین، گوایا حه‌شدی شه‌عبی رۆیشتووه و لیوای 61 شوێنی ئه‌وانی گرتووه‌ته‌وه، دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه، چونكه فشارێكی زیاترییان بۆ ناو شاری كه‌ركووك هێناوه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، كه پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەم ژوورە هه‌ر چییه‌ك بن، لای هێزە سیاسیەکان ڕەتکراوەیە، چونکە لە ئاستی شەقامدا خەڵکی چاوەڕوانی ئەوەن، کە پێشمەرگە بگەرێتەوە کەرکووک و دۆسیه‌ی ئەمنیی شارەکە بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆش دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حه‌ربییه، وه‌ك فه‌رمانده‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركووك، له لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، حه‌شدی شه‌عبی ده‌سه‌ڵاتی له سه‌نته‌ر و ده‌وروبه‌ری كه‌ركووكیش ده‌بێت و له سه‌رجه‌م دۆسییه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و شاره‌دا به‌شدار ده‌بێت.
H.B