نەجمەدین کەریم: داعش چالاكە و دوای كشانەوەی ھێزەكان سەرھەڵدەداتەوە

"داعش لە پشتگوێخستنی سوننەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە"

K24 - واشنتن

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، پارێزگاری کەرکووك هۆشداری دەدات، كه‌ داعش لەناو نەچووە و بە پێچەوانەوە هێشتا زۆر چالاکە.

نەجمەدین کەریم دووپاتی دەکاتەوە، داعش ئایدۆلۆژیای رێکخراوێکی هاوردەکراو بۆ عێراق نییە، بەڵکو لە پشتگوێخستنی سوننەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە. جەختیش دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق بەرقەرار بێت، هیج کام لە پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە هاوسۆزییەکی راستەقینەیان بۆ نابێت، بۆیە ناسەقامگیری لەم وڵاتەدا درێژە دەکێشێت.

لێدوانە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکی سەبارەت بە لەناوچوونی داعش رەنگە لەوە سەرچاوە بگرێت، کە ئەوان ئەم دوژمنەی خۆیان و مرۆڤایەتی باش ناناسن. بە بۆچوونی ئەوان، داعش لە دەرەوەی خاکی عێراق و سووریاوە هاوردەی ئەم وڵاتانە کراوه‌، بۆیە ئەگەر سەرکوت کرا، ئەوا هەڕەشەکە کۆتایی هاتووە.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك بە كوردستان24ی راگەیاند، داعش رێکخراوێکی عێراقییە، بەتایبەتیش چەکدارانی سەر بە کەرکووك و دیالە و سەڵاحەددینن. رێکخراوەکە وەک تۆڕێک، گرووپەکانی دیکەی وەک قاعیدەی لە دەرەوەی خۆی کۆکردەوە.

بۆ ئەمەریکییەکان کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بە تێکشکانی رێکخراوەکە به‌ستراوه‌ته‌وه‌. هەر بۆیەش لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری لە دژی داعش، ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی لە سووریا داوە. پارێزگاری کەرکوکیش لەم بارەوە هۆشداری دەدات.

داعش لە عێراق و سووریا هێشتا زۆر چالاکە. لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانیش، بێ ئەوەی هیچ پلانێک بۆ داهاتوو هەبێت، رێکخراوەکە سەر هەڵدەداتەوە و بە هەمان شێوە، کە لە ساڵی 2011 و پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق روویدا، چونکە ئەو کێشانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، هێشتا چارەسەر نەکراون.

بە بۆچوونی نەجمەدین کەریم، سەرەکیترین هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە عێراق تاییفییە. سووننەکانی ئەم وڵاتە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتگوێخراون، هەربۆیەش پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن. ئەمەش بۆچوونێکە کە بەردەوام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش دووپاتیان کردۆتەوە. ئەوان تەنانەت هۆشداری دەدەن، كه‌ خەڵکی سووننیی ئەو ناوچانەی لەدەست داعش رزگار کراون، بەردەوام لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە سووکایەتییان پێ دەکرێت، یان دەردەکرێن، ئەمەش رق و کینەی تایفی بەهێزتر دەکات.

پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ ژەنەراڵ مایکل هێیدن، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی و ئاژانسی ئاسایشی  نیشتیمانیی ئەمریکا، لەوەدا هاوڕایە کە دەبێت بۆ بنبڕکردنی هەڕەشەی داعش لە عێراق، سیستەمی کۆنفیدراڵی بۆ شیعە و سوننە و کوردەکان جێبەجێ بکرێت، ئەگەر نا حکوومەتی  ناوەندیی عێراق بەم شێوەیەی ئێستای، هیچی لێ سەوز نابێت، چونکە وەک لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وا بووە، پێکهاتەکانی هاوسۆزیان بۆی نابێت.

ھ.م