خه‌لافه‌ته پاوانخوازهكه بێ خاك ده‌مێنێته‌وه
هه‌سه‌ده و توندڕه‌وترین چه‌كداره‌كانی داعش شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی خه‌ڵكه سڤیله‌كه‌ی باغۆز، شكستی داعش له دوا مۆڵگه‌كه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی سووریا، خه‌ریكه ده‌بێته راستی و له ناوچه‌یه‌كی بچو‌وكدا چه‌كدارانی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی، ده‌یانویست بمێننه‌وه و په‌ل بهاوێژن، گه‌مارۆ دراون و كۆتایی سه‌ربازییان نزیكه. هه‌رچه‌نده شه‌ڕڤانانی سووریای دیموكراتی ده‌ڵێن: "هێشتا چه‌كداری توندڕه‌و له‌وێ ماون و ده‌یانه‌وێت تا ده‌كوژرێن، شه‌ڕ بكه‌ن".
له باغۆز ناو به‌ناو ده‌نگی ته‌قه ده‌بیسترێت و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نێوان شه‌رڤانانی هه‌سه‌ده و داعش كۆتایی نه‌هاتووه، زیاتر له دوو هه‌زار خه‌ڵكی سڤیل شاره‌دێكه‌یان جێهێشتووه، فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش به ئاسمانه‌وه ده‌سووڕێنه‌وه. پێده‌چێت توندڕه‌وه گه‌مارۆ دراوه‌كان كاتێكی زۆریان بۆ مانه‌وه له‌و شوێنه گه‌مارۆ دراوه‌دا نه‌مابێته‌وه.
به‌رپرسانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش ده‌ڵێن: "بوونی خه‌ڵكی سڤیل له باغۆز، كه شه‌وی سێشه‌ممه بۆمبباران كراوه، پێشڕه‌ویی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ی خاو كردۆته‌وه".
مسته‌فا بالی، گوته‌بێژ به ناوی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) ده‌ڵێت: "ئه‌و تیرۆریستانه‌ی خۆیان له‌ناو شارهدێكهدا مه‌ڵاس داوه، هێشتا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن له رووی سه‌ربازییه‌وه شه‌ڕه‌كه یه‌كلایی ببێته‌وه".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ئه‌و به‌رپرسه‌ی هه‌سه‌ده گوتوویه‌تی: "هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هێزه‌كانمان چه‌كدارانی داعشیان خسته نێوان دوو بژارده‌وه، یان به‌بێ مه‌رج خۆیان راده‌ست بكه‌ن، یاخود تا كۆتایی شه‌ڕ هه‌ڵبژێرن".
مسته‌فا بالی روونیكردۆته‌وه كه "شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده دڵنیا نین له‌وه‌ی، ئایا له‌گه‌ڵ كاروانی خه‌ڵكه سڤیلهكهدا چه‌كداری داعش خۆیان خزاندۆته ناویانه‌وه، یان نا، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه و پشكنین بۆ ناسنامه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن، كه له باغۆزه‌وه هاتوون".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت دڵنیابینه‌وه له‌وه‌ی، كه هیچ كه‌سێكی سڤیل له باغۆز نه‌ماوه، چونكه تا خه‌ڵكی سڤیل له شارهدێكهدا بێت، ناتوانین بچینه ناو باغۆزه‌وه".
شاره‌دێی باغۆز ده‌كه‌وێته نزیك سنووری عێراق و به دوا رووبه‌ری خاكی ژێر كۆنتڕۆڵی چه‌كدارانی داعش له دۆڵی فورات له سووریا داده‌نرێت. هاوپه‌یمانیی نیوده‌وڵه‌تیی دژی داعش ده‌ڵێت: "توندڕه‌وترین چه‌كداره‌كانی داعش هێشتا له باغۆزن".