يه‌كێتیى ئه‌وڕوپا پاره بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى مووسڵ ته‌رخان ده‌كات
شاندێكی باڵای یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا سه‌ردانی شاری مووسڵی کرد
K24 – هه‌ولێر:
یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا 56 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ ته‌رخان كرد.
شاندێكی باڵای یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا سه‌ردانی شاری مووسڵی كرد و رایگەیاند، به مه‌به‌ستی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه، یه‌كێتییه‌كه بڕی 56 ملیۆن دۆلاری دیكه ته‌رخان ده‌كات.
به گوێره‌ی راگه‌یاندراوێكی هاوبه‌شی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و نێرده‌ى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له عێراق، له‌و بڕه پاره ته‌رخان كراوه، یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا ئه‌مساڵ 30 ملیۆن تایبه‌ت ده‌كات به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه، بڕه‌كه‌ی دیكه‌ش ته‌رخان ده‌كات بۆ پاراستنی ناوچه مێژوویی و شوێنه‌وارییه‌كانی شاری مووسڵ، كه له لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه تێكدرا بوون.
كریستۆس ستیلیاندێز، كۆمسیاری یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا بۆ كاروباری مرۆیی، كه سه‌رۆكایه‌تیی شانده‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وڕوپای بۆ شاری مووسڵ كرد، رایگه‌یاند، ئێستا لەناوبردنی ته‌واوی داعش نزیك بۆته‌وه، به‌ڵام لەمەودا پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی ئایدیۆلۆژیای داعش ببێته‌وه، تاكو جارێكی دیكه سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه.