راپۆرتێک: ڤانس داوای کۆبوونەوەی راستەوخۆی لە موحسین رەزایی کردووە

میدیایەکی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرایان کرد، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەک دانوستانکاری سەرەکیی واشنتن لە دۆسیەی ئێراندا دەردەکەوێت و تاوتوێی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ و رووبەڕوو لەگەڵ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەکات،

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، وۆڵ ستریت جۆرناڵ ە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی تەواوی داوەتە جەی دی ڤانس تاوەکو دەستپێشخەری بۆ دانوستان لەگەڵ تاران بکات.

لەم چوارچێوەیەدا، ڤانس لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا نامەیەکی فەرمیی ئاراستەی موحسین رەزایی کردووە و داوای ئەنجامدانی دیدارێکی راستەوخۆی لێ کردووە. هەرچەندە تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، بەڵام وڵاتانی نێوەندگیر لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر ببێتە شوێنی ئەو دانوستانە چاوەڕوانکراوە.

راسپاردنی ڤانس بۆ ئەم ئەرکە لە کاتێکدایە کە لەنێو کۆشکی سپیدا ناکۆکی لەسەر چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران هەیە. ڤانس بە ئاشکرا هۆکاری دۆڕاندنی کۆمارییەکانی لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا بۆ هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان گەڕاندووەتەوە.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی دیکەی ئیدارەکە، لە سەرووی هەمووشیانەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤن میلەر، سەرۆکی نوێی دیوانی کۆشکی سپی، لەگەڵ بەردەوامیی گوشار و گەمارۆی ئابووری و دەریایین بۆ سەر ئێران تاوەکو تاران ناچار بە سازش بێت.

مارکۆ روبیۆ لە لێدوانێکدا گوتی: "ئێستا کەمپەینی گوشاری ئابووریمان ئەوەندە بە توندی گورزی لە ئێران داوە کە ترەمپ هیچ پێویستییەکی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی نەماوە، بەڵام هێزەکانمان بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو لە ئامادەباشیدان."

هەوڵەکانی واشنتن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان بەهۆی مەرجەکانی تارانەوە ئاڵۆز بووە؛ بەرپرسانی ئێرانی شکستی کۆمارییەکانیان لە هەڵبژاردندا بە دەرفەت زانیوە تاوەکو مەرجی قورس بسەپێنن، لەوانە: هەڵگرتنی تەواوەتیی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکان، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران و سووککردنی سزاکانی نەوت، وەک مەرجی پێشوەختە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان، ئەمەش وای کرد روبیۆ ئەو داواکارییانە بە "تەواو ناواقیعی" وەسف بکات.

هاوکات، موحسین رەزایی بۆ خۆپاراستن لە پەراوێزخرستنی لەلایەن باڵی توندڕەوی سوپای پاسدارانەوە بە فەرماندەیی ئەحمەد وەحیدی، لە چەند رۆژی رابردوودا لێدوانەکانی توندتر کردووەتەوە و هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەمەریکادا بە "دانوستانی خەیاڵی" ناوبردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، نێوەندگیرانی ناوچەکە پێشنیازێکیان خستووەتە بەردەم هەردوولا بۆ دروستکردنی متمانە؛ بەپێی پێشنیازەکە ئەمەریکا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی لە ناوچەکە دوور دەخاتەوە و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکان کەم دەکاتەوە، لە بەرامبەردا ئێران رێگە بە تێپەڕبوونی 25 کەشتی و تانکەری نەوتی دەدات بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن.