حووسییەکان بە مووشەک هێرشیان کردە سەر سعوودیە

گوتەبێژی سەربازیی ئەنساروڵڵای یەمەنی ناسراو بە حووسییەکان رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خالید لە ریازی پایتەختی سعوودیەیان بە سێ مووشەک کردووەتە ئامانج. هاوکات وێستگەی ژمارە 11ـی پاڵاوتن لە ناوچەی یەنبەعی سعوودیە، بە درۆن هێرشی کراوەتەسەر.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان گوتی، جموجۆڵەکانی سعوودیە لە کەمپی خەرز و رەئس عارە لە یەمەن، بە ژمارەیەک مووشەکی باڵستیکی کراونەتە ئامانج. گوتەبێژی حووسییەکان ئەو زانیارییانەی سعوودیەی رەتکردەوە کە باس لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەک لە ئاسمانی مەککە دەکەن و رایگەیاند، "کردەوەکانمان دامەزراوە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکانی سعوودیە دەکەنە ئامانج".

لەلایەکی دیکەوە، تورکی مالکی، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی پشتگیریکردنی شەرعییەت لە یەمەن بە سەرۆکایەتی سعوودیە، ئێوارەی چوارشەممە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دوو مووشەکی باڵستیکی لە ناوچەی رۆژئاوادا تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستە کرابوون. ئەم لێدوانەی مالکی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە رایگەیاندبوو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرەو مەککە و ناوچەکانی باشووری سعوودیە، لەگەڵ سێ مووشەکی باڵدار بەرەو ریاز تێکشکاندووە.

هاوپەیمانییەکە سێشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، ژمارەیەک مووشەکی باڵستیکی، مووشەکێکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە ناوچە جیاوازەکانی سعوودیەیان کردبووە ئامانج، لەوانە ریاز، ناوچەی باشوور و ناوچەی رۆژهەڵات. ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە کە حووسییەکان لە تەممووزی 2026ـوە هێرشەکانیان دژ بە سعوودیە چڕتر کردووەتەوە، کە لە تشرینی یەکەمی رابردوودا بەهۆی زۆربوونی ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتی و سەربازییەکان، گەیشتە لووتکە.

هاوکات پێکدادانەکانی نێوان حووسییەکان و هێزەکانی سەر بە سعوودیە لە یەمەن بەهێزتر بووە. ئەم دۆخە لەگەڵ فراوانبوونی کردەوە سەربازییەکان لە باشووری رۆژئاوای یەمەن، بەتایبەتی لە پارێزگای تەعیز و ناوچەکانی نزیک لە گەرووی باب مەندەب هاوکاتە. لە ئاداری 2015ـوە، سعوودیە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی یەمەن، ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکان لە ئەیلوولی 2014ـوە سەنعای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی دیکەیان کۆنترۆڵ کرد.