لە رۆژئاوای كوردستان پێشوازیی له‌ بڕیارێكی ئه‌مەریكا ده‌كرێت

"بریارەكەی ئەمەریكا بۆ پاراستنی ناوچەكە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت"

K24 - قامیشلۆ

لەگەڵ نزیكبوونەوەی لەناوچوونی داعش لە سووریا، ئەمەریكا ئاشكرای كرد، كە بەشێك لە ھێزەكانی لە سووریا دەھێڵێتەوە، لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستانیش پێشوازیی له‌و بڕیارە دەكەن.

دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشاندنەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، سارە ساندرز، وتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرای كرد، كە ژمارەیەك سه‌ربازی ئەمەریكا له‌ سووریا ده‌مێننەوە، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ش، لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان پێیان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مەریكا ناوچه‌كه‌ ده‌پارێزێت.

ته‌لال محه‌مه‌د، سكرتێری پارتی ئاشتیی دیموكراتی كورد لە سووریا بە كوردستان24ی گوت: "مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا گرنگە و كاریگەری لەسەر چارەسەری كێشەكانی سووریا دەبێت، ھەروەھا بە كشاندنەوەی ھەموو ھێزەكانی لە سووریا، ھێزەكانی دیكەی وەك رووسیا و رژێمی سووریا و ئێران، شوێنی ئەوان دەگرنەوە".

پەیوەست بەو پرسە، سامان ئەحمەد، چالاكی سیاسی دەڵێ: "مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكی لە ناوچەكە، جێگەی دڵخۆشیی خەڵكە، بەڵام تا ئێستا نەزانراوە، كه‌ ئەو رێككەوتنە چۆن كراوە و لە داھاتوودا ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بۆ مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا ئاشكرا دەبێت".

پاش ئەوەی لە 19ی ئەیلوولی 2018 دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا، كە ھێزەكانیان لە سووریا بكێشێننەوە، رۆژی 22/2/2019 لە وتارێكدا ترەمپ ئاشكرای كردو كە ژمارەیەك لە ھێزەكانیان لە سووریا دەمێننەوە.

ھ.م