ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ زیادبووندان

بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤ: به‌كارهێنه‌ران بە زۆری تەمەنیان لە نێوان 17 ساڵ بۆ 25 ساڵیدایە

K24 - هه‌ولێر:

رێژەی بە کارھێنانی ماددەی ھۆشبەر روو لە زیادبوونە، ئەمەش نیگەرانی ھاووڵاتیان و توێژەرانی دەروونی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بە دوای خۆیدا ھێناوە و ھەموو لایەك کۆکن لەسەر ئەوەی، پێویستە رووبەڕووی ئەودیاردە ترسناکە ببنەوە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت: "ئەو کەسانەی ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنن، بە زۆری تەمەنیان لە نێوان 17 ساڵ بۆ 25 ساڵیدایە".

ماددەی ھۆشبەر، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ترسناكه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی گرتووه‌ و ساڵ دوای ساڵیش رێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی زیاد ده‌كات، ئەمە سەرەڕای چەندین رێکار، بەڵام نەتوانراوە وەك پێویست قەڵاچۆی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بکرێت.

بە گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان 24، رێژەی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر بۆ ئەم دوومانگە به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو زیاترە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت: "بەرزبوونەوەی رێژەی ئالوودەبون، پێویستی بە ھەڵوه‌ستەکردنی جدی ھەیە، ئەو کەسانەشی کە ئالوودەدەبن، بە زۆری تەمەنیان لە نێوان 17 ساڵ بۆ 25 ساڵیدایە".

کرانەوەی کۆمەڵگا بە رووی جیھانی سەرمایەداریدا بەدەرنەبووە لە زیان، توێژەرێکی دەروونی دەڵێت: "جیھانی سەرمایەداری بۆشایی دەروونی بۆ بەشێك لە کۆمەڵگا ھێناوە، بۆیە بەشێك لە تاکەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، پەنا بۆ ماددەی ھۆشبەر دەبەن و پێویستیشە سێکتەرە ئایینی و پەروەردەیی و راگەیاندنەکان بە تایبەت رۆڵی پێویست بگێڕن لە ھۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا".

بەگوێره‌ی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ کە دەست کوردستان 24 کەوتووە، لە ساڵی 2018 نزیکەی 250 بۆ 300 کەس بە کارھێنەری مادەی ھۆشبەر بوون و لەو ژمارەیەش بە شێکی دیکەیان بازرگانیان پێوە کردووە، بەڵام رێژەی بەکارھێنان لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاترە لە دوومانگی یەکەمی ساڵی رابردوو.

ئ. م