نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكانی دوكان بەرزدەبێتەوە

گەشتوگوزار ھەوڵدەدات رێگری لە قورخكاری بكات

K24 - دوكان

یەکێک لەو ناوچە گەشتیاریانەی پارێزگای سلێمانی کە ساڵانە و بەتایبەت رۆژانی جەژنی نەورۆز ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بۆ گەشت و سەیران رووی تێدەكەن دوكانە، بەڵام ئێستا نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكان بەرز بووەتەوە.

بەشێک لەخاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان نایشارنەوە لەھەندێك ناوچەی گەشتیاری نرخی بە كرێگرتنی ھەر کەپرێک بۆ 100 دۆلار و نرخی کابینەکیش بۆ ھەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.

لەئێستاوە کە نزیك بووەتەوە لە جەژنی نەورۆز،  بەشێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەیرانگای دوکان،  تەواوی کەپرو کابینەکانی گەشتیاریان بەکرێ داوە و نرخەکانیشیان لەھەندێ جێگا پێنج بەرامبەر بەرزبووەتەوە. خواست لەسەر گرتنی کەپرو شوێنە گەشتیارییەکان وایکردووە نرخی یەک کەپر کە رووبەرەکەی کەمترە لە 3 مەتر بگاتە 100 دۆلار زیاتر و نرخی کابینەیەکی گەشتیاریش بۆ ھەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.

گەشتوگوزاری دوكان، ھەوڵ دەدات رێگری لەو قۆرخکاریەی نرخ لەلایەن بەشێک لە خاوەن پڕۆژە گەشتیاریەکان بکات بۆ ئەوەی ھاووڵاتی و گەشتیاران بتوانن رۆژانی نەورۆز بە ئاسایی بەڕێ بکەن، بەڵام نایشارنەوە كە رێگریكردن لە بەرزكردنەوەی نرخی كەپرەكان ئاسان نییە.

ھ.م