به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی به‌یل: پێویسته هانده‌رانی ریال مه‌درید قاچی به‌یل ماچ بكه‌ن
هانده‌رانی ریال مه‌درید بێ شه‌رمن
به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی گاریس به‌یل به‌شێوه‌یه‌كی توند ره‌خنه له هانده‌رانی ریال مه‌درید ده‌گرێت و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه پێویسته هانده‌رانی یانه‌ی ریال مه‌درید قاچی گاریس به‌یل ماچ بكه‌ن.
جۆناتان بارنێت، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی گاریس به‌یلی وێڵزی له زنجیره‌یه‌ك لێدوانی رۆژنامه‌وانی كه له پێگه‌ی گۆڵی ئینگلیزی بڵاو بۆته‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هانده‌رانی ریال مه‌درید پێویسته شه‌رم له خۆیان بكه‌نه‌وه و نرخی گاریس به‌یل بزانن.
گاریس به‌یل له دوایین یاری له كلاسیكۆ له لایه‌ن هانده‌ران فیكه‌ی ناڕه‌زایی بۆ لێدرا و له لایه‌ن میدیاكانی مه‌دریدیشه‌وه سه‌رزه‌نشتی كرا، ته‌نانه‌ت سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ له كاتی مه‌شق و ئاماده‌كارییه‌كانی ریال مه‌درید هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه فیكه‌ی ناره‌زاییان بۆ لێ دا.
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی گاریس به‌یل ده‌ڵێت: به‌یل ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌یه و پێویسته هانده‌رانی ریال مه‌درید رێز له‌و یاریزانه وه‌ربگرن، چونكه به‌یل له شه‌ش ساڵی رابردوو هه‌موو شتێكی بۆ ریال مه‌درید به‌ده‌ستهێناوه و یه‌كێكه له باشترین یاریزانه‌كانی جیهان و هانده‌ران پێویسته قاچی ماچ بكه‌ن.
جۆناتان بارنێت گوتیشی: میدیاكانی ئیسپانیا هیچ شتێك نازانن له باره‌ی گاریس به‌یل و هه‌ر له خۆیانه‌وه شت ده‌نووسن و هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تیش ناكه‌ن.
بارنێت ده‌شڵێت: گاریس به‌یل له ریال مه‌درید ئاسووده‌یه و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و هاوینی داهاتووش به نیاز نییه بۆ هیچ شوێنێك بڕوات.
گاریس به‌یلی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، له هاوینی 2013 له یانه‌ی تۆتێنهامه‌وه به 65 ملیۆن یۆرۆ به‌بێ باج په‌یوه‌ندی به ریال مه‌درید كرد، ئه‌م وه‌رزه به‌شداریی له 33 یاری له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان كردووه، 13 گۆڵ و 5 ئاسیستی كردووه.