پۆستی پارێزگاری سلێمانی كێشه دهخاته نێوان یهكێتی و گۆڕان
یهكێتی: چاوهڕێی بڕیاری حزبین
K24- سلێمانی:
جارێكی دیكه کێشەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دهبێتهوه ناونیشانی ململانێیەکی نوێ، لە نێوان بزووتنهوهی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێستا كه پارێزگاری سلێمانی لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، دەنگۆیەک ھەیە، کە یەکێتی داوای ئەو پۆستە دەکاتەوە.
لهم بارهیهوه محهمهد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژه بهوه دهكات، كه ھێشتا پارێزگارەکەیان دوو ساڵەکەی خۆی تەواو نەکردووە و تا ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە دڵنیاییەوە ئەو پۆستە لای بزووتنهوهكهیان دەبێت.
له بهرامبهریشدا ههرچهنده لە ناو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی هیچ شتێك لەو بارەیهوە باس نهكراوه، بەڵام دیمەن ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەکێتی پێیوایه، ئەو بابەتە بەپێی ڕێکكەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان یەکلا دەبێتەوە و چاوەڕێی بڕیاری حزب دەکەن.
فراکسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت: ئەگەر ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بکرێت، ئەوا پێویستە ئەو ئاڵوگۆڕە پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینیش بگرێتەوە، چونکە ئەو ڕێکكەوتنەی لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتە خۆجێیەکان کراوە، بۆ دوو ساڵ به دوو ساڵ، تەنیا بۆ پارێزگای سلێمانی نییە، بەڵَکو پارێزگای ھەڵەبجە و ههردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینیش دهگرێتهوه.
H.B