دژی "درۆ"ی شرۆڤه‌كارانی سیاسی و ئه‌منی سكاڵا تۆمار ده‌كرێ
"ئه‌و كه‌سانه وێنه له‌گه‌ڵ به‌رپرسه ئه‌منی و سیاسی و سه‌ربازییه‌كان ده‌گرن و فێڵ له هاووڵاتیان ده‌كه‌ن و پڕوپاگه‌نده بڵاوده‌نه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 5/3/2019، سه‌نته‌ری عێراقی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده رایگه‌یاند: "ده‌یانه‌وێت له رێگای تۆماركردنی سكاڵاوه، به‌ره‌نگاری درۆ و پڕوپاگه‌نده‌ی (شرۆڤه‌ی سیاسی و ئه‌منی) ببنه‌وه".
سه‌نته‌ره‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "بۆمان ئاشكرا بووه، زۆر كه‌س ناویان له خۆیان ناوه (نووسه‌ر، شرۆڤه‌كاری سیاسی، شرۆڤه‌كاری ئه‌منی و سه‌ربازی) و زانیاریی ناڕاست و پڕوپاگه‌نده بڵاوده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و كه‌سانه كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیان بۆ خۆیان قۆستۆته‌وه و وێنه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومی و سیاسی و ئه‌منی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، جگه له‌وه‌ش، خۆیان وا وێنا ده‌كه‌ن، كه خاوه‌ن داهێنان و بیرۆكه‌ی داهێنه‌رانه‌ن و له ناوه‌نده‌كانی بڕیاری سیاسی و ئه‌منییه‌وه نزیكن، له كاتێكدا به هیچ شێوه‌یه‌ك وا نیین".
سه‌نته‌ری عێراقی بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده داوا ده‌كات، وه‌زیره‌كان و به‌رپرسانی ئه‌منی، ئاگاداری ئه‌و جۆره كه‌سانه بن و پێشوازییان لێ نه‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان به‌و رێگایه فێڵ له هاووڵاتییان ده‌كه‌ن و به هۆی ئه‌و وێنانه‌وه، خۆیان به كه‌سانی نزیكی به‌رپرسان و خاوه‌ن په‌یوه‌ندیی به‌رفراوان ده‌ناسێنن".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه كردووه "ئه‌و كه‌سانه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كار ده‌هێنن و له رێگای گرووپی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، میدیاكاران له خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه و زانیاریی ناڕاست و پڕوپاگه‌نده بڵاوده‌كه‌نه‌وه. له‌و رێگایه‌شه‌وه ده‌كه‌وێته ده‌ست میدیاكان و بێ به‌دواداچوون به ناوی سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت و نزیك له ده‌زگا ئه‌منی و سیاسی و حكوومییه‌كان، بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه.