پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن

له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

ئەندامێكی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئایندەیەکی نزیكدا پارتی و یه‌كێتی دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان دەکەن. له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت: یەکەم ھەنگاوی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە لەناو پەرلەمان.

عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینه‌، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كیتی له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، چه‌ند خاڵێكی‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌خاته‌ روو و ده‌ڵێت: "له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی كوردستان، ته‌وافوق له‌سه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتیمانییان هه‌یه‌‌ و هاوسه‌نگی له‌ داهات و خه‌رجییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی كوردستان كراوه‌ته‌وه، كه‌ سه‌رجه‌می خاڵه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان دان".

سه‌باره‌ت به‌ كاتی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ش، حه‌مه‌ی مینه‌ گوتی: "كاته‌كه‌ به‌ وردی نازانرێت، به‌ڵام له‌و رۆژانه‌ ده‌ست پێ ده‌كات".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ھۆشیار سیوەیلی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتیی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، یەکەم کاری په‌رله‌مان دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یەکێتی، ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمە، دوای ئەوەش ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی ھەمان سەرۆك کاندیدی سەرۆکایه‌تیی حکوومەت بۆ پێکھێنانی کابینەکەی راسپێرێت، بەمەش ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەت خێراتر دەبن.

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، بریارە یەکشەمەی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی دیکە ئەنجام بدات، کە تێیدا لە نێو دوو ژنە کاندیدەکەی یەکێتی، یەکێکیان بە سەرۆکی پەرلەمان ھەڵدەبژێرێت، دواتر لیژنەی یاسایی رەشنووسێك بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکات.

H.B