فێستیڤاڵی بەفر لە حاجی ئۆمەران بەڕێوە دەچێت

چەند تیمێكی بیانی بەشداریی لە فیستیڤاڵەكە دەكەن

K24 - حاجی ئۆمەران

سبەی 8/3/2019، فێستیڤاڵی بەفر لە شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەر بە قەزای چۆمان بە سپۆنسەریی میدیایی كوردستان24 بەڕێوە دەچێت.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "سەرپەرشتیار و تیمە بەشداربووەكان سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەكە".

گوتیشی: "جگە لە باشووری كوردستان، تیمەكانی ئۆفرۆد لە ئێران و شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەشداریی لە فێستیڤاڵەكەدا دەكەن، ھەروەھا چەند تیمێكی ھونەری لە باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان بەشدار دەبن و چالاكییەكانی فێستیڤاڵ لە كاتژمێر 9ی بەیانی رۆژی ھەینی 8/3/2019 دەست پێ دەكه‌ن و تا درەنگانی ئێوارە بەردەوام دەبن".

ئیبراهیم حه‌مدان، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌، كه‌ چەند ساڵێكە لە حاجی ئۆمەران بەڕێوە ده‌چێت، بە كوردستان24 گوت: "ئامانجمان لەو فێستیڤاڵە ناساندنی ناوچەكەیە وەك ناوچەیەكی گەشتیاریی گونجاو بۆ گەشتوگوزار لە وەرزی ھاوین و زستان".

ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەمساڵ فێستیڤاڵەكە بەرفراوانتر دەكرێت و جگە لە كوردستان، تیمە بیانییەكانیش بەشدار دەبن".

ھ.م