جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێک بۆ سەرۆک بارزانی دەنێرێت
سەرۆک بارزانی و شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە
K24 – ههولێر:
شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، پێزانینی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بە سەرۆک بارزانی دەگەیەنن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، دووپات دەکەنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 07/03/2019، لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد، كە پێكهاتبوون لە دەنیس ناتالی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ململانێكان و سەقامگیری، ئەندرۆ پیك، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران و عێراق، ستیڤن ڤاگین، كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژكار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا، شاندی میوان سڵاوی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكایان بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها جەختیان لەوە كردەوە، كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لە پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی سوپاسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد. هەورەها پێزانینی هەبوو بۆ پەرۆشیی و سەرنجی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەمەڕ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، بارودۆخی ئاوارەكان و ناوچە ئازادكراوەكان تاوتوێ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، كە پێویستە ئاسایش و سەقامگیری و خزمەتگوزاری لە ناوچەكان دابین بكرێت، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئایندەیان گەرەنتی بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا، بیروڕا لە بارەی مەترسییەكانی تیرۆر و پێویستیی شەڕی هەمەلایەنەی هزری توندڕۆیی لە عێراق و ناوچەكە، ئاڵوگۆڕ كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردوامی نێوان هەردوولا كرایەوە.

H.J