وەزارەتی کارەبا: بۆ ماوەی مانگێک پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە
بەهۆی دەستپێکردنی کارەکانی چاکسازی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای دانە گازەوە، وەزارەتی کارەبا کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی یەک مانگ راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هاووڵاتییان و بەشداربووانی کارەبا ئاگادار دەکەنەوە لە رێکەوتی 2ـی تشرینی یەکەم تاوەکو 2ـی تشرینی دووەم، کۆمپانیای دانە گاز دەست بە کارەکانی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات.
لە راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەو چاکسازییە بە درێژایی ئەو مانگە چەند کاتژمێرێک پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەماهەنگیی تەواو دەکەن بۆ ئەوەی چاکسازییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لەنێو پرۆژەی رووناکیدا هەبێت.
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە ئەوەی خستەڕوو، ساڵانە لەم مانگەدا کارەکانی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوەی پلەکانی گەرما دادەبەزن و کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی بوونی کارەبا دەبێت.