دوو كچی دیكەی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار كران

"ھێشتا زۆر كچ و ژنی ئێزدی لە باغۆز لە ژێر دەستی داعش ماون و ژیانیان لە مەترسی دایە"

K24 - دێرەزوور

دوو كچی دیكەی ئێزدی لە باغۆزی سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە سووریا لە دەستی داعش رزگار كران، ئەوان باسی مامەڵەی نامرۆڤانەی چەكدارانی داعش دەكەن، یەكێك لەو كچانە چیرۆكی رفاندنی خۆی دەگێڕێتەوە، كە لەگەڵ نادیە موراد پێكەوە لە شنگال رفێنراون.

یەكێكی دیكە لە كچە ئێزدییە رزگاربووه‌كانی دەستی داعش دەڵێ "ھێشتا زۆر كچ و ژنی دیكه‌ی ئێزدی لە باغۆز لە ژێر دەستی داعش ماون و ژیانیان لە مەترسی دایە".

تەیسیر، كچێكی ئێزدییە و دوای پێنج ساڵ رفاندنی لەلایەن داعشەوە، لە باغۆز رزگار كرا، دوای گەیشتنی بۆ ناو شەڕڤانانی ھەسەدە بەرگە سەپێندراوە رەشەكەی داعشی سووتاند. ئەو چیرۆكی رفاندنی خۆی لە شنگال دەگێڕێتەوە و بە كوردستان24ی گوت: "ئەو كاتەی ئێمەیان لە شنگال رفاند، نادیە موراد لەگەڵ ئێمە بوو، چەكدارە داعشەكان وێنەیان دەگرتین، چەكدارێكی داعش دەستدرێژیی كردە سەر نادیە موراد و ئەویش قیژاندی".

گوتیشی: "چەكدارە داعشەكان لە ماوەی پێنج ساڵدا چەندین جار كڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە كردووە، وەك كەنیزە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین و بەردەوام ئازاریان دەداین".

ھ.م