سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە

بڕیار لەسەر لیژنەکان دەدرێت

K24 – هه‌ولێر:

سبەی یەکشەممە 10/03/2019 کاتژمێر 12:00، سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە.

ئایدن مەعرووف، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "سبەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بارەی لیژنە هەمیشییەکان کۆدەبنەوە".

گووتیشی: "کۆبوونەوەی سبەی دوا کۆبوونەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەکان".

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان متمانە بە ئەندامانی لیژنەکان دەدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی سبەی پەرلەمان فراکسیۆنی یەکێتیش بەشدار دەبێت.

پێشتر لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان وەک یەکەم لیژنە هەڵبژێردرا و سبەی یەکشەممەش بڕیار لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی لیژنەکانی دیکە دەدرێت.

H.J