گۆڕان و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ ناوخۆییه‌كانی حیزبه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن

لایه‌نه‌كان به‌ركه‌وته‌یان له‌ كابینه‌ی نوێ تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24- سلێمانی:

دواى ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان, جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، یەکێتی نیشتیمانیش بۆ کۆبونەوەی سەرکردایەتی چاوەڕێی کۆبونەوەیەکی دیکە دەکات لە گەڵ پارتی, بۆ ئەوەی لە سەر بەرکەوتەکانی لە كابینه‌ی نوێی حکومەتی هه‌رێم ڕێک بکەون و بڕیاری کۆتایی بدات.

هه‌رچه‌نده‌ ھێشتا بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدانی خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ی له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌ریان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام وه‌ك جەبار جەلال، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەڵێت: دووشەممەی داھاتوو کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو پۆستانەش دەکرێت، كه‌ لە كابینه‌ی نوێی حکومەت به‌ریان ده‌كه‌وێت.

له‌ كاتێكدا كه‌ بڕیاربوو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركرایه‌تی یەکێتی نیشتیمانی كوردستانیش ڕۆژی ھەینی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی و پرسه‌ ناوخۆییەکانی یەکێتی له‌سه‌ر ئەو پۆستانەی له‌ كابینه‌ی داهاتوودا به‌ریان ده‌كه‌وێت كۆببێته‌وه‌، بەڵام کۆبونەوەکە دواخرا و، سامان گه‌رمیانیش ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە كاتی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاشكرا ده‌كات.

پارتی و گۆڕان ١٨ی مانگی ڕابردوو بۆ پێکھێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێكکەوتنێكیان واژوو كرد، پاش چەندین گفتوگۆی نێوانیان دواجار لە ٤ی ئەم مانگەش پارتی و یەکێتی گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، پێشبینیش دەکرێت پاش کۆبونەوە ناوخۆییەکانی گۆڕان و یەکێتی، کابینەی داھاتوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە زوترین کات رابگه‌یه‌نرێت.

H.B