ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی ئاشکرا دەکرێت
پارتی دواین هەڵوێستی خۆی دەخاتە روو
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە 10/03/2019 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە وتەبێژی پارتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "پارتی سەردانی تەواوی لایەنەکان دەکات و دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن".
لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، گووتی: "چاوەڕێین یەکێتی کاندیدەکانی بۆ پەرلەمان یەکلا بکاتەوە و تاکو ئێستاش لەگەڵ یەکێتی باسمان لە دابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی دیاریكردنی پارێزگاری كەركووك مەحموود محەمەد گووتی: "ئەو بابەتە لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ باسكراوە و دەگەڕێتەوە سەر رێككەوتن لەسەری".
لە بارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئاشکرایکرد: "پێشڤەچوون لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە".
هەر بەگوێرەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی مەحمود محەمەد، پارتی دەیەوێت حکوومەتێکی بەهێز و زۆرینە پێکبهێنێت و بۆ ئەوەش ئەمڕۆ باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، نێوانی لایەنە کوردستانییەکان کردووە.
زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاکو ئێستا حکوومەت پێکنەهاتووە، ئەوە جێگای گەشبینی هاووڵاتیانیشە، رێککەوتنی پارتییە لەگەڵ یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
H.J