پۆلیسی ھەولێر پلانی ئەمنی راگەیاند

ھێزە ئەمنییەكان لە رۆژانی جەژنی نەورۆز و بۆنەكان لە ئەركدا دەبن

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر پلانی ئەمنی بۆ بۆنەكانی نەورۆز و ئادار ئاشكرا كرد و ھاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە ھێزەكانی پۆلیس وەك ھەمیشە لە ئەركدا دەبن بۆ پارستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان.

لە راگەیەندراوێكدا لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاشكرای كرد، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و بۆنەكانی ئادارەوە، بە هەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكەش تێیدا بەشدار دەبن. پلانە ئەمنییەكە لە سبەینێوە دەست پێدەكات و تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: "نەورۆزی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو جیاواز دەبێت و خەڵك بەوپەڕی دڵخۆشی و لە كەشێكی ئارامدا گەشتو سەیران دەكەن، چونكە پاشەكەوتی مووچە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە هەڵگیراوە و رۆژ بە رۆژ هەرێم بەرەو ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان هەنگاو دەنێت".

روونیشی كردەوە: "ئەم نەورۆزە هاووڵاتیان بە گڕوتینێكی زیاترەوە بەرەو سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان دەچن و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، هەرچەندە نەیاران و ناحەزانی كوردستانیش چاویان بە پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان هەڵنەیەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە كوردستان دەچێتە قۆناخێكی باڵاتر و رۆژ دوای رۆژ بەرەو پێشتر دەچێت".  

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "هاونیشتمانیانیش دڵنیا دەكاتەوە، هێزە ئەمنییەكان وەك هەمیشە بە شەونخوونی و ماندووبوون و دڵسۆزییەوە ئەركەكانی سەر شانیان رادەپەڕێنن و سەروماڵی هاووڵاتیان دەپارێزن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "پێشبینی دەكرێت بە هەزاران گەشتیار لە عێراق و وڵاتانی دیكەوە بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە تیمەكانمان لە ناوەوەی شار و دەرەوە و شوێنە گەشتیاری و گشتییەكانیش بڵاوەیان پێدەكرێت و رێ لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەگرن".

ھ.م