هه‌فته‌ی داهاتوو پێكهاته‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ته‌واو ده‌كرێت
تائێستا شیعه‌كان له سه‌ر كاندیدی وه‌زاره‌تی ناوخۆ رێكنه‌كه‌وتوون
K24- به‌غدا:
هەفتەی داهاتو 4 وەزارەتی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی یەکلای دەبنەوە, کە تا ئێستا به هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه و لایه‌نه‌كان له سه‌ری ناكۆك بوون، وەزارەتی بەرگریش کاندیدی نوێی دەبێت، بەڵام هێشتا شیعەکان لەسەرناوێک بۆ پۆستی وەزارەتی ناخۆی ڕێکنەکەوتوون، بۆ ئه‌وه‌ی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی بکەن.
به‌پێی قسه‌كانی ڕەعد دەهلەکی، په‌رله‌مانتاری سوننه له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كه تایبه‌ت به كوردستان 24ی راگه‌یاند: ژماره‌یه‌ك كاندیدی نوێ بۆ پۆسته پڕنه‌كراوه‌كان دێنه پێشه‌وه، به‌ڵام سه‌لیم جبووری له به‌هێزترین كاندیدی سوننه‌كانه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری به‌رگری.
له‌كاتێكیشدا تا ئێستا پارتی و یه‌كیتی له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیری داد ناكۆك بوون, به‌ڵام پێ ده‌چێت لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیان هاتبێته ئاراوه، له‌مباره‌شه‌وه رێبوار ته‌ها په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر لایه‌نه كوردستانیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ته‌با بن، ده‌توانین له به‌غداش كۆده‌نگ بین".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئه‌زموونی سوننه‌كانیش به‌بیر پارته كوردییه‌كان ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت: "خاكی سوننه له ئه‌نجامی ناته‌بایی وێران بوو، بۆیه هیوادارم لایه‌نه كوردستانییه‌كان سوود له ده‌ره‌نجامی ئه‌و ناته‌باییه‌ی سوننه‌كان وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووس نه‌بینه‌وه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه کێشە گەورەکەی بەردەم تەواونەکردنی کابینەکەی عەبولمەهدی وزارەتی ناوخۆیە، کە تا ئێستا ئەو بابەتە یەکلای نەبۆتەوە، چونکە شیعەکان ناکۆکن و لە سەر ئەو پرسە نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی.
كازم سه‌یادی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی شیعه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: "چاوه‌ڕێمان ده‌كرد سه‌رۆك وه‌زیران ناوی كاندیدان بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان بهێنێته په‌رله‌مان، به‌ڵام تا ئێستا هیچ نه‌كراوه، پێویسته له هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كان ئازادی به په‌رله‌مانتاران بدرێت, به‌ڵام رێگری ده‌كرێت".
چوار وەزارەتی حکومەتی عێراق بە بەتاڵی ماون کە تا پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه، ئەوانیش وەزارەتەکانی ناوخۆ, بەرگری, داد و پەرودەن، بەپێی زانیاریەکان هەفتەی داهاتوو دوا مۆڵەتی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ کوتلە سیاسیەکان, بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان یه‌كلایی بکەنەوە و ناوی كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان پێشکەش بکەن.
H.B