بكوژانی ئەو سەرۆك ھۆزە ئێزدییە دەستگیر كران كە لە دھۆك كوژرا
"دانیان بە تاوانەكە داناوە
K24 - دھۆك
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆك ھۆزێكی ئێزدی لە نزیك كۆمەڵگەی شاریا لە دھۆك كوژرا، دوو كەس بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیر كران و دانیان بە تاوانەكە داناوە.
لیوا تارق ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك بە کوردستان24ی رایگەیاند: "دوو كەس بە تۆمەتی كوشتنی قاسم متۆ ئەحمەد، سەرۆك ھۆزی ئێزدی ئەلبەشار (قەیرانی)ی دەستگیر كران کە لە 16ی ئەم مانگە تەرمەکەی بە سوتێندراوی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە گوندی سینای نزیک کۆمەڵگەی شاریا لە دهۆک دۆزرایەوە".
گوتیشی: "ئەو دوو كەسە دانیان بە تاوانەكە داناوە و لێكۆڵینەوە زیاتریش لەسەر رووداوەكە دەكرێت".
رۆژی 16/3/2019 تەرمی قاسم متۆ ئەحمەد، كە سەرۆكی یەكێك لە ھۆزەكانی ئێزدییە لە نزیك كۆمەڵگەی شاریا لە دھۆك لەناو ئۆتۆمبێلەكەی بە سوتێندراوی دۆزرایەوە.
ھ.م