كێشەكانی مووسڵ دەبرێنە ناو پەرلەمانی عێراق

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە باسی رووداوەكەی مووسڵ دەكرێت

K24 - بەغدا

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی شاری مووسڵ کۆدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە و تیایدا گفتوگۆ چەند پڕۆژە یاسایەك لەبارەوە دەكرێن، بڕیاریشە راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە شاری مووسڵ تاوتوی بكرێت.

پێشتریش عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشنیازی بۆ پەرلەمان كردووە، پارێزگاری نەینەوا و جێگرەكەی لەكارەكانیان دووربخرێنەوە.

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە كافتریای پەرلەمانی عێراق پرسە بۆ قوربانیانی رووداوەكەی مووسڵ دانراوە. ھەروەھا فراكسیۆنی پارتی لە كۆبوونەوە دایە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بڕگەكانی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق".

مەریوان نادر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستان24ی گوت: "بەپێی بەدواداچوونەكان دەركەوتووە دەزگاكانی مووسڵ كەمتەرخەم بوونە لە پێشخستنی ناوچە گەشتیارییەكان، لە بڕگەی یەكەمی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بابەتی دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و دوو جێگرەكەی تاوتوێ دەكرێت، بە پشت بەستن بە داوای سەرۆك وەزیرانی عێراق پەرلەمان دەتوانێت پارێزگار و جێگرەكانی لەكار دووربخاتەوە".

ھ.م