پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەكەی لادرا

ھەردوو جێگرەكەشی دوورخرانەوە

K24 - بەغدا

پەرلەمانی عێراق نەوفل حەمادی عاگوب، پارێزگاری نەینەوا و ھەردوو جێگرەكەی لە پۆستەكانیان دوورخستنەوە.

دوای ئەوەی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیازی دووخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و ھەردوو جێگرەكەی دایە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەیان درا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دا، گفتوگۆ لەبارەی رووداوی نقومبوونی بەلەمەكەی مووسڵ كراوە، كە زیاتر لە 100 كەس بەوھۆیەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش بێسەروشوێن بوون. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەبێ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكرێت و لایەنە كەمتەرخەمەكان سزا بدرێن.

پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە، كە مافی كەسوكاری قوربانیانی رووداوەكەی مووسڵە كە سكاڵا دژی لایەنە پەیوەندیدارەكان تۆمار بكەن.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌، 21ی ئادار/ مارسی 2019، به‌له‌مێكی په‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ دوورگه‌ی گه‌شتیاری باكووری رۆژئاوای مووسڵ، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رووباری دیجله‌ نقوومبوو و به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی 100 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستداو  تا ئێستاش ژماره‌یه‌ك گه‌شتیار بێسه‌روشوێنن، كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵن.

ھ.م