به به‌ڵگه.. عێراق هۆشداری ده‌داته 10 پارێزگا.. به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه
بارانی ئه‌مشه‌و زۆر مه‌ترسیداره
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق هۆشداری ده‌داته 10 پارێزگا، له ئه‌گه‌ری بارینی باراێنێكی به‌خوڕ پێشبینی روودانی لافاوێكی به‌هێز له ئارادایه.
له‌مباره‌یه‌وه مه‌هدی ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی گشتی ئاوه‌ڕۆ و به‌نداوه‌كان له وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق هۆشداری ده‌داته هاووڵاتیان، له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت له ئه‌نجامی بارینی بارانێكی به لێزمه، شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی لافاو چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق بگرێته‌وه، كه له‌وانه‌یه وه‌زاره‌تی ناوبراو ناچار بێت باری له‌ناكاو له 10 پارێزگا رابگه‌یه‌نێت.
له نووسراوێكی نهێنیشدا كه له‌لایه‌ن شانه‌ی ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كانی سه‌ر به ئۆپه‌راسیۆنه نیشتیمانییه‌كانه‌وه له 22ی ئه‌م مانگه‌وه ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌سته‌ی به‌نداوه‌كانی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان كراوه و كۆپییه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، هاتووه، "به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌وا بۆ رۆژانی داهاتوو، تێبینی كراوه كه شه‌پۆلێكی به‌خوڕی بارانبارین ناوچه‌كانی باكوور "هه‌رێمی كوردستان" و رۆژهه‌ڵاتی عێراق ده‌گرێته‌وه".
له نووسراوه نهێنییه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، "شه‌پۆله‌كه له پارێزگای دیاله به‌ره‌و پارێزگاكانی واست و میسان ده‌ستپێده‌كات".
هاوكات پێشبینی كراوه، "ئه‌و شه‌پۆله به‌هێزه هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی "هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، كه‌ركووك، سه‌ڵاحه‌دین، نه‌ینه‌وا و به‌غدا" بگرێته‌وه و، به‌هۆی ئه‌م شه‌پۆله بارانه‌وه لافاوێكی زۆر به‌هێز روو ده‌دات، كه دوور نییه باری له‌ناكاوی پله "ج" رابگه‌یه‌ندرێت".
H.B
