نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌ حكومییه‌كان

یه‌كێتی خۆی له‌ باره‌ی پۆسته‌كانه‌وه‌ یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌

K24 – سلێمانی:

بە پێی زانیارییەکانی په‌یامنێری کوردستان24 له‌ سلێمانی، یەکێتی نیشتمانی كوردستان، رەزامەندی ده‌ربڕیوه‌ لەسەر وەرگرتنی پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ. هه‌روه‌ها داوای وەزارەتەکانی تەندروستی، پلان دانان،  دەستەی وەبەرھێنان، چەند وەزارەت و پۆستێکی دیکەی كردووه‌.

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی بە پێویستی دەزانێت، کێشەی پێدانی پۆستەکان نەبێتە رێگر لە بەردەم پێکھێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، لە دواین کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، ھەردوولا ئەوەیان راگەیاند، دەستیان بە گفتوگۆی جدی و بەرھەمدار کردووە لە چوارچێوەی ئەو ڕێکكەوتنە سیاسییەی، ھەردوولا ئیمزایان کردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەی داھاتووی ئەو دوولایەنە رێکكەوتنی کۆتایی بە خۆوە ببینێت و کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم بە کردەیی ھەنگاو بەرەو پێکھێنان بنێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ مسته‌فا چاوه‌ڕه‌ش، گوتی: میللەت چاوەڕێی رێكکەوتن دەکات، بۆیە ناکرێت کۆبوونەوە بە کۆبوونەوە بسپێردرێت، چونکە دۆخەکە وادەخوازێت کە رێکكەوتن بکرێت.

لە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتیدا، کە چەند رۆژێک لەمەوپێش ئەنجامدرا پۆستەکانی یەکێتی لە حکومەتی داھاتوودا بەشێک بوو لە خاڵی ناکۆکی ھەردوولا، بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24 یەکێتی رەزامەندی ده‌ربڕیوه‌ لەسەر وەرگرتنی پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و داوای وەزارەتەکانی تەندروستی و پلان دانان و  دەستەی وەبەرھێنان و چەند وەزارەت و پۆستێکی دیکەی كردووه‌.

پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکەی سبه‌ی 27ی ئازار/ مارسی 2019، ئەو دوولایەنە دوا کۆبوونەوە بێت و رێکكەوتنی کۆتایی بکرێت.