هه‌رێمی كوردستان 300 ملیار دینار بۆ كرێی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ته‌رخان ده‌كات

ئەو بڕە پارەیە کەمە و بەشی کۆمپانیاکان ناکات

K24 – سلێمانی:

بە گوێرەی یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، لە کۆی دوازدە ترلیۆن دینار، تەنھا 300 ملیار دینار بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە تەرخان کراوە، کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن. 

بە وتەی شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئەو بڕە پارەیە کەمە و بەشی کۆمپانیاکان ناکات، بۆیە رەنگە ئەو گرفتە کاریگەری لەسەر ناردنی بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکات، بەڵام ئەگەر بە زوویی چارە بکرێت، گرفتێکی ئەوتۆ دروست ناکات.

دۆسیەی نەوت ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ چەند گرفتێکی دیکە، خاڵی سەرەکی و ناکۆکی بووە لە نێوان ھەولێر و بەغدا. 

کرێی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە ھەرێمیش کار دەکەن، خاڵێکی دیکەی ناکۆک بووە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق.

بۆ پڕۆژەیاسای ئەمساڵیش، لە کۆی 12 ترلیۆن دینار، تەنھا 300 ملیار بۆ کرێی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هه‌رێمی كوردستان کاردەکەن، ته‌رخان كراوه‌.

بۆ چارەسەری کێشەی نەوت لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق و باسکردن لە کرێی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی، کە لە هه‌رێمی كوردستان کاردەکەن، وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێك سەردانی بەغدا بکات و چارەسەری پێویست بۆ ئەو کێشە کەڵەکەبووانە بدۆزرێتەوە، کە چەند ساڵێکە لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.