فەیسبووک یاسای کردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆ دەگۆڕێت
بەهۆی هێرشەکەی نیوزیلاندەوە فەیسبووک یاساکانی دەگۆڕێت
K24 – ههولێر:
لە دوای هێرشکردنە سەر نوێژ خوێنانی دوو مزگەوتی نیوزیلاند، کۆمپانیای فەیسبووک بڕیاری داوە یاساکانی کردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆ بگۆڕێت.
تیرۆرستەکەی نیوزیلاند،50 نوێژخوێنی کردە قوربانی و لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکیش، راستەوخۆ دیمەنی کوشتنی نوێژخوێنانی گواستەوە.
شێریل ساندبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاندووە: "خەڵک نیگەرانی دەربڕیوە بەوەی فەیسبووک بۆ بڵاوکردنەوەی هێرشەکان بەکاردێت".
راشیگەیاند: "بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەکە، ئێمە سێ هەنگاو دەنێین، یاساکانی کردنەوەی راستەوخۆ دەگۆڕین، هەوڵی دەستنیشانکردنی توندوتیژییەکان دەدەین و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نیوزیلاندیش دەکەین".
بەگوێرەی هەواڵێکی AFP، فەیسبووک نیازی هەیە، کردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆ لەو کەسانە قەدەغە بکات کە پێشتر یاساکانی فەیسبووکیان پێشێلکردووە.
لە دوای هێرشە تیرۆرستیەکەی وڵاتی نیوزیلاند، رەخنەیەکی زۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گیرا بەوەی بەشێک بووە لە بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی، هەرچەندە فەیسبووک دوای چەند کاتژمێرێک تەواوی ڤیدیۆکانی هێرشەکەی سڕیەوە.
H.J