باكووری كوردستان.. لە ھەڵبژاردنه‌كاندا 2 كەس كوژران

پێنج كەسی دیكەش برینداربوون

K24 - ھەولێر

لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لە باكووری كوردستان شەڕ و ئاڵۆزی رووی دا و به‌ هۆیه‌وه‌ 2 كەس كوژران و 5 كەسی دیكەش بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیاریی پەیامنێرانی كوردستان24 لە باكووری كوردستان: "ئەمڕۆ لە كاتی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لە شاری مەلەتێ (مەلاتيا) لە باكووری كوردستان شەڕ رووی دا و 2 كەس كوژران و ژمارەیەك كەسی دیكەش لەلایەن ھێزە ئەمنییەكان دەستبەسەر كراون".

ھەر بەپێی زانیاریی پەیامنێرانمان: "شەڕەكە لەنێوان ئەندامانی ئەكەپە و پارتی سەعادەت رووی داوە و ئەو كەسانەی كوژراون، ئەندامی پارتی سەعادەتن".

ھاوكات لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستانو بە ھۆی شەڕ و پێكدادان لەنێوان ئەندامی لایەنە سیاسییەكان، 5 كەس بریندار بوون".

ئەمڕۆ 31/3/2019، پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوە دەچێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا 57 ملیۆن دەنگدەر نوێنەرەكانیان لە شارەوانیی شارەكانی باكووری كوردستان و توركیا هەڵدەبژێرن، کە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە ئەرکەکانیاندا دەبن.

لەو هەڵبژاردنەدا، كە 19مین ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانە لە توركیا بەڕێوە دەچێت، 12 پارتیی سیاسی بەشدارن، 194 هەزار و 390 سندوقی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەكە ئامادە كراون.

بە گوێرەی داتاكانی دەزگای ھەڵبژاردنی توركیا، 156 هەزار دەنگدەر بۆ ئەم ھەڵبژاردنە، تەمەنی 18 ساڵیان تەواو كردووە و بۆ یەكەمجار دەتوانن دەنگ بدەن.

ئەو حزبانەی بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكاندا دەكەن پێكھاتوون لە، پارتیی داد و گەشەپێدان، پارتیی دیموکراتی گەلان، پارتیی سەربەخۆیی تورکیا، پارتیی یەکگرتووی مەزن، پارتیی گەلی کۆماری، پارتیی دیموکرات، پارتیی چەپی دیموکراتیک، پارتیی ئیی، پارتیی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی، پارتیی سەعادەت، پارتیی کۆمۆنیستی تورکیا، پارتیی نیشتیمان.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، داوا له‌ ھاووڵاتیانی توركیا و باكووری كوردستان دەكات، بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

سەلاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتیی دیموكراتی گەلان )ھەدەپە) لە زیندانەوە پەیامێكی لە رێی تویتەرەكەیەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، پرۆسەكە بایكۆت مەكەن، تا كۆتایی بەردەوام بن.

دەمیرتاش گوتیش: "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەنجامێكی باشی سندووقەكانی دەنگدان دەكەین".

ھ.م