شەش جار "درۆی نیسان" رووداوی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە

بۆ خۆشی و پێکنین "درۆکەیان" کردووە بەڵام ئەنجامەکەی جیاواز بووە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ 01/04/2019، بە رۆژی "درۆی نیسان" ناسراوە و تیایدا خەڵک گاڵتە و درۆی جیاواز بۆ پێکەنین خستنە سەر لێوی یەکدی دەکەن.

چەند جارێک ئەم گاڵتەکردنە رووداوی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە و ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:

یەکەم:

لە ساڵی 2001، رادیۆی دی جەی شاری برایتۆن بڵاویکردەوە، هەندێک لە پاشماوەی کەشتییەکەی تایتانیک لە کەنار دەریای Beachy Head لە رۆژهەڵاتی شاری سوسێکس لە بەریتانیا دەرکەوتووە.

سەدان کەس چوونە سەر گردێکی نزیک دەریاکە، گردەکە لە ژێر پێی خەڵکەکە درزی برد و ئەگەر پۆلیس نەبوایە خەڵکێک زۆر گیانی لە دەستدەدا، دوو رۆژ دوای "درۆی نیسانەکە"، گردە داڕما.

دووەم:

لە ساڵی 1986، پیاوێک لە ناشڤیلی ویلایەتی تێنەسی لە ئەمەریکا، دەمامکێکی ترسناکی پۆشیوو و ژنەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا ترساند ؛ دواتر، ژنەکە دەستبەجێ لە ترسا دڵی وەستا و گیانی لەدەستدا.

سێیەم:

لە ساڵی 2002، رادیۆی کاسناس سیتی لە ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئاوی ماڵان تێکەڵی ماددەیەک بە ناوی دیهایدرۆجین مۆنۆکساید بووە و دووچاری نەخۆشییەکانی میزەڵان و پێستیان دەکات.

سەدان کەس لەو شارە سەردانی نەخۆشخانەیان کرد و بە هەزاران جار پەیوەندییان بە خزمەتگوزاری ئاوی شارەکەوە کرد.

لە راستیشدا، دیهایدرۆجین مۆنۆکساید Dihydrogen monoxide ناوی کیمیایی ئاوە.

چوارەم:

لە ساڵی 1897، چەند قوتابییەکی پەیمانگای Lucy Cobb لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمەریکا بڕیاریاندا بەهۆی رۆژی یەکی نیسان، بچنە دەرەوە و لە قوتابخانە هەڵبێن، تەواوی رۆژەکەیان لەدەرەوە بردە سەر و درۆیان لەگەڵ ماڵەوەیان کرد، تەواوی ئەو قوتابیانە لە پەیمانگاکە وەدەرنران.

پێنجەم:

لە ساڵی 2010 لە ئوردن، رۆژنامەی ئەلغەد بڵاویکردەوە، چەند بوونەوەرێکی ئاسمانی لە نزیک شارۆچکەی جەفر نیشتوونەتەوە.

ئەم هەواڵە بووە هۆی ترساندنی هاووڵاتیانی ناوچەکە و بەرپرسانی ناوچەکە دەوامی فەرمیان راگرد، دواتر بۆیان ئاشکرا بوو کە درۆی نیسان بووە.

شەشەم:

لە ساڵی 1986، بەرپرسێکی هەواڵگری ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نەبی بێری، سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە بەشدار بوو لە شەڕی ناوخۆی لوبنان کوژراوە.

هەواڵەکە خێرا بڵاوەیکرد و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووە، دواتر وەزیری بەرگری ئیسرائیلی ئەو کات، بانگهێشتی پەرلەمان کرا.

Mirror

H.J