سێ وڵات کڕینی نەوتیان لە ئێران راگرت

پێشتر ئەمەریکا بەشێوەیەکی کاتی ئەو وڵاتانەی لە سزاکان بەخشیبوو

K24 – هه‌ولێر:

سێ لەو هەشت وڵاتەی پێشتر ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی کاتی لە سزاکانی سەر ئێران بەخشیبوونی، هاوردەکردنیان لە ئێرانەوە بە تەواوی راگرت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بریان هووک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران بە رۆژنامەنووسانی گوتووە: "مانگی 11، لە پێناو بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوت، هەشت وڵاتمان لە سزاکان بە شێوەیەکی کاتی بەخشی، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم، سێ لەو وڵاتانە ئاستی هاوردەکردنیان لە ئێران بۆ سفر دابەزاندووە".

راشیگەیاند: "نیازمان نییە لێخۆشبوونمان بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە هەبێت و پەلەش دەکەین لە راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران".

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران  لە مانگی پێنجی ساڵی 2018ەوە، هەناردەی نەوتی ئێران یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

چین، هیند، یۆنان، ئیتاڵیا، تایوان، ژاپۆن، تورکیا و باشووری کۆریا لەو وڵاتانە بوون کە ئەمەریکا بەشێوەیەکی کاتی بەخشیبوونی لە سزاکانی سەر ئێران، بەڵام سێ لەم وڵاتانە بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، بە تەواوی هاوردەی نەوتی ئێرانیان راگرتووە.

‌H.J