سەرۆک بارزانی: چیتر چاوەڕێ ناکەین و پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارەکانی دەکات
سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد
K24 – ههولێر:
سەرۆک بارزانی لە میانی کردنەوەی چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، پەرلەمان پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم یەکلایی دەکاتەوە و چیدی چاوەڕێ ناکەن.
سەرۆک بارزانی لە سەرەتای قسەکانی رایگەیاند: "کردنەوەی پێشانگای کتێب ساڵانە لە هەولێر جێگای شانازییە و هەولێریش شانازی بەم پێشانگایە دەکات".
لە بارەی کێشەکانی شاری مووسڵ، سەرۆک بارزانی گووتی: "کاتی خۆی گووتم کە قۆناغی دوای ئازادکردنی شاری مووسڵ، سەختر دەبێت و دەبێت باسی لێوە بکرێت، بەڵام هێزە عێراقییەکان پێشێلیانکرد".
راشیگەیاند: "ئەو هێزانەی ئێستا لە مووسڵن، ئەو پارەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە تەرخان کرا، لەناو خۆیان بەشیان کرد".
ئاماژەی بەوەشدا: "روودانی کارەساتی نقووم بوونی بەلەمەکەی مووسڵ دەرەئەنجامی ئەو جۆرە کارانەن".
سەرۆک بارزانی ئاشکرایکرد: "مەترسی داعش کۆتایی نەهاتووە و ئێستا داعش مەترسییەکی جدییە لەسەر خەڵک چونکە ئەو هۆکارانەی داعشییان دروست کرد، لە عێراقدا ماون".
سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند، پێشێلکردنی دەستوور زۆر هەلی باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای لەناو برد، بەڵام ئێستا کەشوهەوایەکی نوێ هەیە تاکو بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین.
سەرۆک بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەولێر بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ھەرچەندە تەکنەلۆژیا پێش بکەوێت، کتێب ھەر وەک باشترین ھاوڕێ و هاونشین دەمێنێتەوە، کتێب ئەو ڕووناکییەیە، کە بەرەو شارستانییەت، زانست و زانین رێنوێنیمان دەکات.
لە نیوتن پرسیار کرا، نهێنی ژیرییەکەت چییە ، گوتی من لەسەر شانی ئەو بیرمەندانە ھاتم کە لە پێش منەوەبوون، کتێبەکانی ئەوانم خوێندەوە و لێیانەوە فێربووم.
کردنەوەی پێشانگای ساڵانەی کتێب لە ھەولێر، جێگەی شانازییە و ھەولێریش مافی ئەوەی هەیە شانازی بەو چالاکییە گەورەیە بکات،ئەمەش ئاساییە، چونکە هەولێر شاری مێژوویی خۆراگری و پێکەوەژیانە، دەمەوێ سوپاسی برام فەخری کەریم و ھەموو ئەوانە بکەم کە کاریان بۆ ئەو پێشانگایە کردووە.
بەو بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە ھەندێک بارودۆخ بکەم کە پێموایە، ئێستا دەبێت قسەیان لەبارەوە بکەین، سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی مووسڵ دەکەم، ئەو کارەساتە نیشتمانی و مرۆییە بووە هۆی ئەوەی دڵەکان ئازار بکێشن و ویژدانیش راچڵەکینێت.
ئەم کارەساتە لە ئەنجامی خراپیی بارودۆخ و تێکچوونی ئاسایشی مووسڵ بوو، بەتایبەتی پاش رزگارکردنی مووسڵ. بەداخێکی زۆرەوە زۆربەی ئەو خێزانانەی لەکاتی کەوتنی موسڵ بەدەستی داعش ئاوارەببوون موژدەی رزگارکردنی ناوچەکانیان پێدرابوو، ئەوانیش گەڕانەوە بەڵام کە گەڕانەوە، بینییان ھیچیان بۆ نەکراوە و نە ئاسایش هەیە و نە خزمەتگوزاری، بۆیەش دووبارە گەڕانەوە نێو کەمپەکان.
پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، تاوەکو باس لە کارەساتی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە بکەین، کاتێک چاوپێکەوتنەکان لە نێوان بەرپرسانی سەربازی و ھێزەکانی ھاوپەیمانی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کرا، لەسەرەتادا ڕێککەوتنێک ھەبوو کە پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بە دوو قۆناخ بێت، یەکەمیان زرگارکردن و دووەمیش پاش رزگارکردن کە چۆن ئیدارەی شارەکە بدرێت. ھەر کاتێک لەوادەی جێبەجێکردنی پرۆسەکە نزیکدەبووینەوە پرۆسەکە نزیک دەکەوتینەوە، تێبینیمان دەکرد کە لایەنەکان لە پلانی دووەم دوور دەکەوتنەوە، کە پلانی بەڕێوەبردنی موسڵ بوو لە دوای رزگارکردنی ئەوان زۆر خێرا بوون لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە، لەبیرمە لە دوایین دیدار کە من تێیدا ئامادە بووم، پێمگوتن کە پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە ئاسان نابێت، بەڵام دەکرێت پڕۆسەکە بەجێبگەیێندرێت، پێشمەرگەش بە وردییەوە پلانەکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
پێشمەرگە بە درێژایی ١٠٧ کیلۆمەتر توانییان سەرەتای ھێڵی بەرگریی داعش بشکێنن و پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە دەست پێ بکات. لە دوایین کۆبوونەوەدا پێم گوتن کە قۆناغی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەکە لە خودی پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە سەختتر دەبێت. کێشەکانی موسڵ کێشەی ئاڵۆز وگەورەن لە توانای ئەنجومەنێک و پارێزگارێکدا نییە.
بەتایبەتیش کە نزیکەی ٣ ساڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیر کرابوو، هەروەها گەندەڵیی زۆر و وێرانەیی زۆریان بڵاو کردبووەوە. مووسڵ یاخود پارێزگای نەینەوا فرە ئایین و نەتەوە و مەزهەبە، کێشەی کەڵەکەبووی مێژووی هەیە، بۆیە پێویست بوو پرۆژەیەک بۆ بەڕێوەبردنی موسڵ دابندرێت تاوەکو سەقامگیری بۆ ئەو شارە دەگەرێتەوە، تەنانەت ئەگەر پڕۆژەکە کاتیش بێت، دواتر هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامبدرێت و کارەکان بەشێوەیەکی سرووشتی بەڕێوەدەچن، بەڵام کەوە بژین و ھەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت. ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە ئەنجام بدرێت دواتر قسە لە سەر قۆناغی دووەم بکرێت، بەڵام راشکاوانە پێم گوتن کە ئێوە بەرپرسیار دەبن لەوەی دواتر چی ڕوودەدات، من ویژدانی خۆم ئاسوودە دەکەم.
لەراستیدا لە دوای رزگارکردنی موسڵ، ئەو شارە رادەستی قەدەرێکی نادیار کرا، کە هیچ سیستەم و بەڕێوەبردنێک نەبوو، هەروەها دۆخێکی نالەبار و گەندەڵی لە موسڵ دروستبوو.
بەداخەوە سەرنجەکان لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی ئەو پارەیەبوو، کە بۆ بوونیادنانەوەی موسڵ تەرخانکرابوو، کە چۆن ئەو لایەنانە بەسەر خۆیاندا دابەشی بکەن، لە بری ئەوەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە تەرخانی بکەن،ئەمەش بارودۆخی موسڵ بوو، بۆیە کارەساتی بەلەمەکە دەرئەنجامی ئەمەبوو، پیویستە هۆکارەکانی روودانی کارەساتەکە بدۆزرێنەوە
دۆخەی مووسڵ، جا ئەگەر بە دەستی ئەنقەست بووبێت یان بەھۆی ئیھمالی، ئەنجامەکە یەک شتە ئەویش گیان لەدەستدانی کەسانی خۆشەویست و بێ تاوان بووە. ئەمەش لە ئەنجامی ئیهمالی یاخود کارێکی تاوانکارانەی بە ئەنقەست بووە. لێکۆڵینەوەکان ئەنجامی راستەقینە دەردەخات.
لە سەرەتاوە تێبینیمان کردووە، کێشەی وڵاتمان ئەوەیە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکان دەکات نەوەک گەڕان بەدوای هۆکارەکان ئێستاش ئەگەر چارەسەری راستەقینە بۆ هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش نەکرێت ، ئەوا کێشەی دیکە نەوەک تەنیا لە موسڵ بەڵکو لە تەواوی عێراق کێشە سەرهەڵدەداتەوە و لەوانەیە ڕووداوی دیکەی هاوشێوەی کارەساتی بەلەمەکە دووبارە ببنەوە.
بەڵێ داعش گورزێکی گەورەی بەرکەوت و تووشی شکتسێکی گەورە بوون و ئەو خاکەی لەدەستدا، کە لە عێراق و سووریا داگیریکردبوو، بەڵام مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە، بەناو خەلافەتەکە کۆتاییهاتووە، بەڵام خورافیاتی داعش کۆتایی نەهاتووە، هێشتا داعش مەترسییەکی جددیی و راستەقینەیە، لەنێوبردنی داعش دەبێت لە عێراق و سووریاوە بەیەکەوە بێت، ناکرێت داعش لە وڵاتێک لەنێو ببرێت، بەتایبەت لە نێوان عێراق و سووریا، کە ببێتە دەرفتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە وڵاتێکی دیکە.
ئەو خەلافەتەی بانگەشەی بۆ دەکرا لەوانەیە کۆتاییهاتبێت، بەڵام ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش تاوەکو ئێستا هەن ، بۆیە ناکرێت پێمانوابێت داعش کۆتایی هاتووە و سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر داعش بەدەستهاتووە، ئەوانەی دوادەڵێن، ئەوا راستییەکە ناڵێن، بەڵکو بە مەبەستی سیاسی و دەسکەوتی دیکە ئەم قسانە دەکەن.
پاش ٢٠٠٣ و دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری، چەندین ھەلی بەنرخمان بۆ هاتەپێش بۆ بونیادنانی عێراقێکی نوێی دیموکراسی و فیدرالی کە فرە پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم ھەلانەمان لە دەست چوون، ناکۆکیی زۆر لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتنە دی ، ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرایا، ئەوا ئەم کێشانە سەریان ھەڵنەدەدا.
جێگەی دڵخۆشییە ئێستا ھەمووان بڕوایان وایە گفتوگۆ و دانوستان و ھەماھەنگی تاکە ڕێگەی چارەسەری سەرکەوتووی کێشەکانە، نەوەک پێچەوانەکەی.
هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبووە جگە لە گفتوگۆ بژاردەیەکەی دیکەمان هەبووبێت، لە هەرکاتێکیشدا پەنامان بۆ بژاردەیەکی دیکە بردبێت، ئەوا بێگومان بەسەریاندا سەپاندووین
ئەمرۆ کەسایەتی نوێ و کەش دەرفەتێکی دیکە و ویستێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبینین، هەروەها بینینی بەڕێز عادل عەبدولمەھد لە سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی عێراق هەڵێکی نوێیە و لەوانەیە ئەمە دوا دەرفەتی کۆتایی بێت، بۆیە ناکرێت بەهیچ شێوەیەک ئەم دەرفەتە لەدەستبدەین، بۆیەش بە جدی هاوکاری برامان عادل دەکەین بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان، نەک تەنیا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکو تەواوی کێشەکانی رووبەڕووی هاووڵاتیان لە عێراق دەبێتەوە، پیویستە دەستوور جێبەجێبکرێت و ببێتە عێراقێکی دیموکراسی فیدراڵی.
هەروەک دەزانن لە 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو و ئەنجامەکەی راگەیێندرا و ئاراممان لەسەر لایەنەکان گرت و دەرفەتی زۆرمان پێدان بۆ ئەوەی بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی بکەن، کاتی تەواو و دەرفەتمان پێداون، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێک ناکرێت، کە چاوەڕوانی هەڵناگرێت و هیچ بیانوویێک قبووڵ نییە و کاتی چاوەڕوانی کۆتاییهات و پەرلەمان تەواوی رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی سەرۆکوەزیران دەگرێتەبەر.
H.J