ئێران: عێراق یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزداره
ئێران داوای قه‌رزی خۆی له عێراق ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بێژه‌ن زه‌نگه‌نه، وه‌زیری نه‌وتی ئێران رایگه‌یاند، عێراق یه‌ك ملیار دۆلاری هه‌نارده‌ی غازی سرووشتی قه‌رزداره و بۆ په‌ره‌پێدانی دوو كێڵگه‌ی غازیش له گفتوگۆدان.
ئاژانسی هه‌واڵی "ئێرنا"ی ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، شایسته داراییه‌كانی ئێران له هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ عێراق، نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار ده‌بێت و دووپاتیش له‌وه ده‌كاته‌وه، بڕیاره بانكی ناوه‌ندی ئێران، به دواداچوون بۆ ئه‌و پاره‌یه بكات و له عێراقی وه‌ربگرێت.
وه‌زیری نه‌وتی ئێران راشیگه‌یاند، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری نه‌وتی عێراق و شاندێكی یاوه‌ریان، ئه‌مڕۆ كۆمپانیای پیشه‌سازی و وزه‌ی ئێران بۆ دیزاین و ئه‌ندازه به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه و له توانای كۆمپانیا ئێرانییه‌كان تێده‌گه‌ن، روونیشی كرده‌وه، كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌ی له توانایاندایه پرۆژه له ناوخۆی عێراق جێبه‌جێ بكه‌ن.
بێژه‌ن زه‌نگه‌نه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆمپانیا ئێرانییه‌كان خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆری بواری له پیشه‌سازی نه‌وت و گاز و پترۆكیمیاوییه‌كان هه‌یه و ده‌توانن هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری عێراق بكه‌ن.
ئ. م