رۆژئاوا هاوشێوەی داعش مامەڵە لەگەڵ شەڕڤانە بیانییەکان دەکات

تەنیا ئەمەریکا بۆ شەڕڤانە بیانییەکان جیاوازە

K24 – هه‌ولێر:

چەند هاووڵاتییه‌كى رۆژئاوا، وازیان لە هەموو شتێک هێنا و بە مەبەستی شەڕکردن دژی داعش و گروپە جیهادییەکان، هاتنە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئێستا وڵاتەکانیان هەمان مامەڵەی چەکدارانی داعشیان لەگەڵ دەکەن.

لە وڵاتانى بەریتانیا، ئەڵمانیا، نێزەرلاندس (هۆڵەندا)، ئوستڕاڵیا و چەند وڵاتێکی دیکە، ژمارەیەك ھاووڵاتی پەیوەندییان بە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە کردبوو.

جۆ رۆبنسنی تەمەن 25 ساڵی بەریتانی کە شەڕڤانی یەپەگە بوو، لە ساڵی 2017 بە تۆمەتی تیرۆر لە تورکیا دەستگیر كرا.

جۆ پێشتر لەگەڵ سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان جەنگابوو و لە تورکیا بۆ تۆمەتی پەیوەندی بە یەپەگەوە، ماوەی حەوت ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە، بەڵام ئەو شەڕڤانە لە تورکیا هەڵات و گەڕایەوە وڵاتەکەی.

لە لێدوانێکی بۆ سایتی بی بی سی، جۆ رۆبنسن گووتی: "من نەمتوانی ئەوە قبووڵ بکەم چونکە من تاوانکار نیم".

جەیمس ماسیۆ یەکێکە دیکەیە لە هاووڵاتییە بەریتانییەکان، کە بەهۆی شەڕکردنی بۆ یەپەگە تۆمەتی تیرۆری دراوەتە پاڵ.

تاکو ئێستا ئەم دوو هاووڵاتییەی بەریتانیا سزا نەدراون، بەڵام هەردوولا بە تووندی رەتیدەکەنەوە کە لەگەڵ گروپێکی تیرۆرستی کاریان کردبێت.

ئەم دۆخە بۆ ئەمەریکییەکان جیاوازە، چونکە ئەمەریکییەکان نەک تەنيا بە تیرۆرست نازاندرێن، بەڵکوو دەبنە جێگای شانازیش.

هاڤێل زافێر، سەربازی پێشووی ئەمەریکا کە هاوشانی هێزە کوردییەکان دژی داعش جەنگاوە لەبارەی مەترسی گەڕانەوە بۆ ئەمەریکا رایگەیاند: "ئەمەریکییەکان رووبەڕووی تۆمەتێکی وەها نابن، لە راستیدا زۆر جار ستایشمان دەکەن لە بەرامبەر ئەوەی کردوومانە".

لە 23ی ئادار، هەسەدە سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر داعشدا لە سووریا راگەیاند و هەندێک لە شەڕڤانە بیانییەکانیش بەرەو وڵاتەکانیان گەڕاونەتەوە، بەڵام زۆر وڵات تۆمەتی تیرۆر دەدەنە پاڵ.

The Sun

H.J