مەرزێكی دیكەی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران بە فەرمی دەكرێت

مەرزە نافەرمییەكانی دیكە داناخرێن

K24 - سلێمانی

دەستەی گشتی مەرزە سنوورییەكانی عێراق بڕیار لەسەر چارەنووسی مەرزە نافەرمییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران دەدات. مەرزی سەیران بەنی وەك خاڵێكی سنووری فەرمی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران ناسێنرا.

ئه‌ندازیار شاكر ئه‌لجبووری، به‌ڕێوبه‌ری گشتی پلاندانان له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕیار لەسەر ھیچ مەرزێكی داخستنی ھیچ مەرزێكی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران نادەین، بەڵام مەرزی سەیران بەن وەك مەرزێكی فەرمی ناسێنرا".

گوتیشی: "100 دۆنم زەوی بۆ مەرزی سەیران تەرخانكراوە، ئەمەش خاڵێكە بۆ بە فەرمی كردنی مەرزەكە، بەڵام مەرزەكانی دیكە پێویستیان بە خزمەتگوزاری زیاتر ھەیە و رەزامەندی وەزارەتەكانی دیكەیان دەوێت".

سەیران بەن، دەكەوێتە سنووری قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، یەكێك بوو لە مەرزە نافەرمییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران. جگە لەو مەرزەش چەند مەرزێكی دیكەی نافەرمی ھەن و گفتوگۆ لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران و عێراق ھەیە بۆ بە فەرمی كردنیان.

ھ.م