عێراق دەیەوێت وزەی كارەبا بە ئەوروپا ببەستێتەوە

لە بەرلین باسیان لەو پرسە كردووە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كارەبای عێراق لە پلانیدایە وزەی كارەبا بە ئەوروپاوە ببەستێتەوە و ئەم پرسەشیان لەگەڵ وەزیری وزەی چەند وڵاتێك باسكردووە.

لوئەی ئەلخەتیب، وەزیری كارەبای عێراق رایگەیاند، لە پلانیاندایە وزەی كارەبای عێراق لەگەڵ ئەوروپا ببەستنەوە بۆ دابینكردنی كارەبای پێوسیت بۆ پارێزگاكانی عێراق.

ئەلخەتیب لە تویتێكدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، چاویان بە وەزیرانی وزەی ئوردن و میسر و توركیا كەوتووە لە كۆربەندی گفتوگۆكردن لە بەرلین سەبارەت بە دۆخی پەیوەست بە وزە، بۆیە بە دەرفەتیان زانیوە باس لەو رێگەیانە بكەن كە بتوانن ھێڵی كارەبا لە نێوان عێراق و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببەسترێتەوە تا دەگاتە ئەوروپا، بەو ئامانجەی كە بازاڕێكی پێشكەوتووی كارەبا لە ناوچەكە برەخسێندرێت، ئەوە جگە لە ئالوگۆڕی شارەزایی و زانیاری بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەكانی وزەی نوێ.

ھ.م